پارێزگاری نەجەف لەبارەی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران رونکردنەوە دەدات

- 1/26/2020 9:26:00 AM 506 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی شارەکە "بەهیچ شێوەیەک" هێزیان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێناوە و حکومەتی ناوخۆیی پارێزگاکەش بیر لە بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا ناکاتەوە.

لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە پابەندین بە پارێزگاریکردن لە گیانی خۆپیشاندەران ئەویش لە رێگای پارێزگاری لێکردنیان لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشانداندا، هەروەکو لە ماوەی چەند مانگی رابردودا و بە گوێرەی دەستور ئەو ئەرکەمان جێبەجێکردوە".

 

هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان هێزەئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا بونی هەیە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئێستادا هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان هێزەئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا بونی هەیە و داخوازییەکانیان گەشتوەتە ناوەندی بڕیار لە بەغدا،  ئێمەش بە هیچ شێوەیەک بیرمان لە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکان نەکردوەتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە 25ی ئەم مانگە محەمەد حەمید بەیاتی، سکرتێری رۆژنامەوانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سۆمەریەنیوزی راگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردودا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەیی  بەغدا هەوڵێکی باشیان دەستپێکردوە بۆ ئەوەی بەربەست و رێگرییەکان لەبەردەم هاتوچۆی ئاسایی هاوڵاتیاندا لاببرێت".


له‌مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كانی به‌غداو پارێزگاكانی خواروی عێراق ده‌ستیپێكردوه‌ و به‌گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كانیش، تا ئێستا زیاتر له‌ 600 خۆپیشانده‌ر كوژراون و زیاتر له‌ 23 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون. 


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP