بەپەلە

بەشیر حەداد: لە لیستی دامەزراوانی کەرکوکدا نادادپەروەری کراوە

- 1/26/2020 9:01:00 AM 1044 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای بەدوادچونیان بۆیان دەرکەوتوە لە لە لیستی دامەزراوانی پەروەردەی کەرکوکدا نادادپەروەری کراوە  و داوایان لە وەزارەتی  پەروەردەی عێراق کردوە لە کاتی دامەزراندندا رەچاو پێکهاتەی نەتەوەیی بکات.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دەرچوانی دانەمەزراوی کورد لە شاری کەرکوک لە هەولێر کۆبوەتەوە و بە گوێرەی نوسینگەکەی، "لەسەر بابەتی ئەو دو هەزار و 841 پلەی دامەزراندنەی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە درابویە پەروەردەی کەرکوک و پاش بەدواداچون بۆیان دەرکەوت کە نادادپەروەری تێدا کراوە".

 

داوایان لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک کردوە ئەو لیستی دامەزراندنە رابگرن


ئەوەش هاتوە، ئەوان داوایان لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک کردوە ئەو لیستی دامەزراندنە رابگرن و پێداچونەوەش بەناوی ئەو کەسانەدا بکرێت کە ناویان لەناو دامەزاراوەکاندا بوە و دواجار لەسەر شێوازێکی نوێ پلەکان دابەش بکرێنەوە کە هاوسەنگی پێکهاتەکان هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆی تێدا رەچاو بکرێت.

 

 لە هەر پلەیەکی دامەزراندن لە کەرکوکدا  پێویستە هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەی تێدا رەچاو بکرێت


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، هەر پلەیەکی دامەزراندن لە هەر وەزارەتێکەوە بۆ دامودەزگاکانی کەرکوک دەربچێت پێویستە هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەی تێدا رەچاو بکرێت و بەپێی قەبارەی پێکهاتەکان ئەو پلە دامەزراندنانە دابەش بکرێن، "چونکە کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە".

 

ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی رابردو پەروەردەی کەرکوک لیستی ناوی دامەزرێنراوانی پارێزگاکەی بڵاوکردوەتەوە و پێکهاتەی عەرەبی لە شارەکەدا نزیکەی 62%ی دامەزراوەکان پێکدەهێنن، هاوکات کورد 20% و پێکهاتەی تورکمانیش 17%ی دامەزراوەکان پێکدەهێنن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP