سەرۆك بەرهەم گەیشتەوە وڵات

- 1/25/2020 7:51:00 PM 5836 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای سەردانە فەرمییەكی بۆ ئیتاڵیا و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆك بەرهەم گەیشتەوە عێراق.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،"ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، كۆتایی بە سەردانەكەی هێنا و گەیشتەوە عێراق".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی،"سەرۆك بەرهەم لەگەڵ گەڕانەوەی سەرجەم هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە لە پێناو هێنانەدی خواستی عێراقییەكان و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لەئێستادا لە عێراق بونیان هەیە".

21ی ئه‌م مانگه‌ كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی له‌ داڤۆس ده‌ستیپێكرد و رۆژی هه‌ینی كۆتایی به‌كاره‌كانی هێنا، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق یه‌كێك بو له‌ به‌شداربوانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وڵاتان ئه‌نجامدا.

دواتریش سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح به‌سه‌ردانێكی كورت گه‌یشته‌ ڤاتیكان و چاویكه‌وت به‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرنسێس و له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تی پاپا و ژماره‌یه‌ك له‌كاردیناڵ و ئوسقوفه‌كانی ڤاتیكان پێشوازیه‌كی فه‌رمی لێكرا، ئه‌مڕۆش شه‌ممه‌، له‌گه‌ڵ سێرجۆ ماتاریلا  هاوتا ئیتاڵیه‌كه‌ی كۆبوه‌وه‌.

كۆنگره‌ یان كۆڕبه‌ندی داڤۆس له‌بنه‌ڕه‌تدا ناوی ته‌واوی  "كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی"-یه‌ و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ژێر ناوی "كۆڕبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وروپا" له‌ ساڵی 1971 دامه‌زراوه‌.

ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ساڵی 1987 و به‌هۆی كاریگه‌ری به‌شداری چه‌ندین رێكخراو و ناوه‌ندی بازرگانی و ئابوری گه‌وره‌ی جیهان ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ "كۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهان"

كۆڕبه‌ندی داڤۆسی 2020، 50 ساڵ به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی كۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهان له‌ داڤۆس تێده‌په‌ڕێت كه‌ له‌ رۆژه‌كانی 21 تا 24ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

داڤۆس سه‌ركرده‌كانی جیهان هه‌ر له‌سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ تا سه‌ركرده‌ی رێكخراوه‌ بازرگانی و ئابورییه‌كان و رێكخراو و ناوه‌نده‌ خێرخوازییه‌كان و ئه‌كادیمسته‌كان كۆده‌كاته‌وه‌، سێ هه‌زار كه‌س له‌ 118 وڵاته‌وه‌ به‌شداری تیادا ده‌كه‌ن كه‌ 677 كه‌سیان سه‌ركرده‌ و به‌رپرسی باڵای جیهانن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP