وەزیری هەرێم هۆکاری نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی شەنگال بۆ قەزاکەیان ئاشکرا دەکات

- 1/25/2020 12:13:00 PM 2438 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایدەگەیەنێت، هاوڵاتییانی شەنگال ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، کە ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە کە بونەتە گرفت بۆ هاوڵاتییان، بەتایبەت لە روی سیاسیی و ئەمنییەوە رێگری لە گەڕانەوەی هاوڵاتییان دەکرێت بەهۆی بونی هەندێک هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا.
ئێزدییەکان مەزڵومترین پێکهاتەنە لە عێراق، لەماوەکانی رابردودا زوڵمێکی گەورە لەو پێکهاتەیە کراوە

 

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندوە، "ئێزدییەکان مەزڵومترین پێکهاتەنە لە عێراق، لەماوەکانی رابردودا زوڵمێکی گەورە لەو پێکهاتەیە کراوە، لەمیانی سەردان و دیدارەکانماندا لەگەڵ ئێزدییەکان، گەیشتین بەو خاڵەی کە خواستەکانیان ئەوەیە، کەمپەکان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەیان بە پلەی یەکەم حکومەتی عێراقی لێی بەرپرسە، کە پشتیوانی لە داواکارییەکەی ئێزدییەکان بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵ دەدەن لە داهاتودا زیاتر سەردانیان بکەن و کۆنفڕانسێکی تایبەت بە پێکهاتەکان لە دهۆک ئەنجام بدەن، کە بە تایبەت ئەم بابەتە دەخەینەڕو بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و رێکخراوە بیانییەکانیش هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن.
سێی ئابی ساڵی 2014 دوای دو مانگ لە داگیركردنی‌ شاری‌ موسڵ، چەکدارانی داعش رێڕەوی‌ هێرشەكانیان بەرە و شەنگال گۆڕی‌‌و كۆنتڕۆڵیانكرد

 

سێی ئابی ساڵی 2014 دوای دو مانگ لە داگیركردنی‌ شاری‌ موسڵ، چەکدارانی داعش رێڕەوی‌ هێرشەكانیان بەرە و شەنگال گۆڕی‌‌و كۆنتڕۆڵیانكرد، بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی كەوتنەدەست ئەو رێكخراوە و هەزاران هاوڵاتی دیكەش ئاوارەبون.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باس لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی شنگال دەکات و دەڵێت، "هاوڵاتییان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە کە بونەتە گرفت بۆ هاوڵاتییان، بەتایبەت لە روی سیاسیی و ئەمنییەوە رێگری لە گەڕانەوەی هاوڵاتییان دەکرێت بەهۆی بونی هەندێک هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا لە شنگال، تەلەعفەر و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا".
پێنج هێزی جیاواز لە شنگال هەن، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی شنگالدا نیە

 

پێشتر مەحما خەلیل، قایمقامی شەنگال بە خەندان-ی راگەیاندبو، "پێنج هێزی جیاواز لە شنگال هەن، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی شنگالدا نیە، کە پێکهاتون لە حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عێراق، هێزی پاراستنی ئێزدیخان و هێزی پەکەکە کە دەسەڵاتێکی مەزنی لە شنگالدا هەیە".
ئەو دۆسیەیەی کە پێماندراوە کاری لەسەر دەکەین کە ئەو پێکهاتانە بەزوترین کات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان

 

ئایدن مەعروف وتیشی، "ئەو دۆسیەیەی کە پێماندراوە کاری لەسەر دەکەین کە ئەو پێکهاتانە بەزوترین کات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت لە پەرلەمان و حکومەتدا کە لە داهاتودا زیاتر بەشێوەیەکی کارا کاری لەسەر دەکەین، جگە لەوەش لە هەرێمی کوردستان دو پێکهاتەی بنەڕەتی هەیە کە تورکمان و کلد و ئاشوری-ن و شانبەشاندی کورد بەشدارن لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان".

ئەوكاتەی‌ داعش پەلاماری‌ شەنگالی‌دا، هێزی‌ زێرەڤانی‌ سوپای‌ یەك، لیوای‌ هاوبەشی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە‌ و فەوجێكی‌ پێشمەرگە لەقەزاكە بون، كە ژمارەیان بە چوار هەزار پێشمەرگە خەمڵێندرا، بەڵام نەتوانرا بەرگری لە كەوتنی قەزاكە بكرێت.
کاری داهاتومان لەسەر ئەوە دەبێت کە بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی هەرێم، پێکهاتەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هەوڵەکانیشمان لەمبارەیەوە بەردەوامن

 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لەبارەی کاری داهاتویان رونیکردەوە، "کاری داهاتومان لەسەر ئەوە دەبێت کە بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی هەرێم، پێکهاتەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هەوڵەکانیشمان لەمبارەیەوە بەردەوامن".
دوای دو ساڵ لە داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ شەنگال بەدو قۆناغ دەستیپێكرد

 

دوای دو ساڵ لە داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ شەنگال بەدو قۆناغ دەستیپێكرد، سەرەتا لە مانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ 2014دا توانییان بەشێك لەناوچەكانی‌ دەوروبەری‌ قەزاكە‌و چەند گەڕەكێكی‌ دەروازەی‌ شارۆچكەكە ئازادبكەن.
هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بەهاوكاری‌ گەریلا‌ و شەڕڤانان، لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ 11ی‌ ساڵی‌ 2015دا توانییان زۆرینەی‌ قەزاكە ئازادبكەن
دواتر هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بەهاوكاری‌ گەریلا‌ و شەڕڤانان، لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ 11ی‌ ساڵی‌ 2015دا توانییان زۆرینەی‌ قەزاكە ئازادبكەن، بۆ ئەوەش فڕۆكە جەنگییەكانی‌ هاوپەیمانی‌ نیودەوڵەتی‌ بە بۆردومانكردنی‌ ئەو رێكخراوە هاوكارییان دەکردن.
پێداویستی سەرەکی خەڵکی شنگال دوای پێنج ساڵ ئەمنیەتی ئەوانە

 

بەپێی وتەی مەحما خەلیل، پێداویستی سەرەکی خەڵکی شنگال دوای پێنج ساڵ ئەمنیەتی ئەوانە، دەشڵێت، "ئێمە داوای بودجەمان نەکردوە، بەڵکو داوامان کردوە شنگال بە باشی بپارێزرێت و ژیان بگەڕێتەوە بۆ شارەکە، ئەوەش حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە".

رونیشیکردەوە، "ئێستا نەژیان هەیە و نە ئازادی، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا دەکەم مافی خەڵکی شنگال بەپێی دەستور بپارێزێت، چونکە شنگال ناوچەیەکی کوردستانی دابڕێندراوە".

نیشانەکردن :

#شەنگال

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP