وەزارەتی كار: که‌مترین ئاستی موچه‌ی كرێكاری ئاسایی و ناكارامه‌ دیاریدەکرێت

- 1/25/2020 11:23:00 AM 5877 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زارەتی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنه‌یه‌كیان پێکهێناوە کە که‌مترین ئاستی موچه‌ی كرێكاری ئاسایی و ناكارامه‌ لە هەرێمی کوردستان دیاریدەکات.

وه‌زارەتی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، یه‌كه‌مین کۆبونەوەیان له‌پێناو زیاتركردنی موچه‌ی كرێكاران و هه‌ڵسه‌نگاندنی رەوشی بازاڕی کار و کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بەراورد لەگەڵ موچەی کەرتی گشتی و وڵاتانی دەوروبەر ئەنجامداوە و لەوبارەیەوە لیژنەیەکیان پێکهێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، له رێگای وه‌زاره‌ته‌وه‌ ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمترین موچەی کرێکار و کارمەندی ناکارامە لە کەرتی تایبەت جێگیر دەبێت.

وه‌زارەتی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی باسی لەوەشکردوە، پێویستە ھەمو خاوەنکاران پابەندی بن، له ‌كاتێكدایه‌  موچه‌ی، کەمترین موچەی مانگانەی کرێکاری ناکارامە لە کوردستان 285 هەزار دینار بو، بەڵام لەبەر کەمی ئەم موچەیە بڕیار دراوە کە پێداچونەوە به‌ موچه‌ی ئه‌و كرێكارنەدا بكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP