بەپەلە

عەلی حەمە ساڵح: کاڵای قاچاغ بەبێ گومرگ و پشکنین دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان

- 1/25/2020 8:43:00 AM 16983 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کاڵای قاچاغ بەبێ گومرگ و پشکنین دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی چوار مانگە سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکانی ئاگادارکردوەتەوە، "نەک رێگری ناکرێت، بەڵکو زیاددەکات".
چوار مانگە سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکانم ئاگادارکردوەتەوە، نەک رێگری ناکرێت زیاددەکات

 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە ناونیشانی "کەس ئەم تاڵانیە راناگرێت" بڵاویکردەوە، "چوار مانگە سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکانم ئاگادارکردوەتەوە، نەک رێگری ناکرێت زیاددەکات، قاجاغچیەکان ھەڕەشە دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە ڤیدیۆی ژمارەیەک بارهەڵگری بڵاوکردوەتەوە و کە لەشەودا بار دەگوازنەوە و نوسیویەتی، "ئەم دەیان سەیارەیە ئەمشەوە و کاڵای قاچاغەو بەبێ گەمرگ و پشکنین داخڵدەکرێت، بۆ خواردنی خەڵکی کوردستانە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە جادەی پشتی باشماغەوە بە زەبری ھێز شەوانە زیاتر لە 100 بارھەڵگر ھێلکە، جگەرە و دوگی قاچاغ دەھێندرێت، نە گومرگ نە پشکنین، قازانجی یەک شەو یەک ملیۆن دۆلارە".
لە ئیبراھیم خەلیل و تا پەروێزخان بەدواداچونم کردوە بۆ قاچاغی و قۆرخکاری و گەندەڵی و بە ملیۆنێربونی چەند بەرپرس و کۆمپانیایەکان، ھەمویم خستە بەردەست حکومەت

 

عەلی حەمە ساڵح رونیکردوەتەوە، "لە ئیبراھیم خەلیل و تا پەروێزخان بەدواداچونم کردوە بۆ قاچاغی و قۆرخکاری و گەندەڵی و بە ملیۆنێربونی چەند بەرپرس و کۆمپانیایەکان، ھەمویم خستە بەردەست حکومەت، من خۆم بە بەرپرس دەزانم بەرامبەر ئەم تاوانە، حیزبەکەشم بۆ چاکسازی چوەتە حکومەت، بە دڵنیایی بێ ھەڵوێست نابین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP