سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا كۆبوه‌وه‌

- 1/25/2020 12:31:00 AM 2000 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پاش ئه‌وه‌ی به‌ گه‌شتێكی كورت  گه‌یشته‌ پایته‌ختی ئیتاڵیا، سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و له‌میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخی جیهان و ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقدا هاتوه‌ "ئه‌مڕۆ هه‌ینی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، لە ڕۆما-ی پایتەختی ئیتاڵیا چاویکەوت بە جۆزیبی کۆنتی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و لە میانی دیدارەکەدا دۆخی جیهان و قەیرانەکانی ناوچه‌كه‌ تاوتوێكرا".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ "هه‌ر له‌و دیداره‌دا بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بەکشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق و گرنگی پشتیوانیكردن لە سەقامگیری عێراق و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵات و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ركرایه‌وه‌". 
 سەرۆک بەرهەم جەختی كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پەرۆشی عێراق بۆ بەستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ له‌سه‌ر بنه‌مای پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌ "له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكاندا، سەرۆک بەرهەم جەختی كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پەرۆشی عێراق بۆ بەستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ له‌سه‌ر بنه‌مای پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و دور لە سیاسەتی سەپاندنی بڕیار و ئیرادەی دەرەکی و ڕێزگرتن لە سەروەری خاك بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دۆست و دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی".

هاوکات له‌میانی وته‌كانیدا، سه‌رۆك به‌رهه‌م رونیشیکردوه‌تەوە کە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەهەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ بنەبڕکردنی ئه‌و توندوتیژی و ململانێیانه‌ی زیان بەهەمو لایەک دەگەیەنێت. 

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سەرۆك کۆمار بەهێزکردنی پەیوەندییە دو قۆڵییەکانی به‌ گرنگ زانیوه‌ بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵات بکات، هاوکات ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیای بۆ پشتیوانی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا بەرزنرخاندوه‌.

هه‌ر له‌میانی گفتوگۆكاندا، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە سەروەری و سەقامگیری  عێراق دەربڕیوه‌، هاوکات جەختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی زیادکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ڕێگرتن لە ئاڵۆزبونی ناوچەکە، هەروەها ئاماژەیكردوه‌ بە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی لە جەنگی دژی تیرۆر و ڕێگانەدان بە دوبارە دروستبونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر گەلانی ناوچەکە .

پاش کۆتایی هاتنی کارەکانی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیره‌ دیدارێك لەگەڵ پاپا-ی ڤاتیكان و ژمارەیەك بەرپرسی ئیتاڵیا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ هەینی گەیشتە رۆما-ی پایتەختی ئەو وڵاتە، چاوەڕوانیشدەکرێت لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرۆک بەرهەم چاویبکەوێت بە هەریەك لە پاپا-ی ڤاتیکان،   سێرجیۆ ماتاریلا-ی سەرۆکی ئیتاڵیا ئەو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP