وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە رۆژئاڤا دەمێنینەوە

- 1/24/2020 10:55:00 PM 4085 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان روسیا-ئەمریكا لە ناوچەكانی رۆژئاڤا رایگەیاند "بەردەوامین لە هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی ئاڵنگارییەكان و پارێزگاریكردن لە هێزەكانی هاوپەیمانی".
سەربازانی هێزەكانی هاوپەیمانی لە باكوری سوریا بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ رێگریكردن لە هەر ئاڵۆزییەكی پلانبۆداڕێژراو

كۆڵۆنێڵ مایڵز كاژینز، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوە دژ بە داعش  لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی نۆرسپرێس ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند "بە هەمانهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دێموكرات (هەسەدە)، سەربازانی هێزەكانی هاوپەیمانی لە باكوری سوریا بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ رێگریكردن لە هەر ئاڵۆزییەكی پلانبۆداڕێژراو لەنێوان ئێمە و هێزی لایەنێكی دیكەدا".

ئاماژەی بەوەشكرد "لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی هەسەدە بەردەوامدەبین لەو كار و چالاكیانەی بە مەبەستی تێكشكانی داعش لە ساڵی 2014ەوە دەستمانپێكردوە و رێگریدەكەین لە تێرۆریستان ریزەكانیان رێكبخەنەوە و لە پێگە نەوتیەكان نزیكبنەوە".
هێزەكانی سوریای دێموكرات دەستیانكردوەتەوە بە وەڵامدانەوەی بەزەبر بۆ رێگریكردن لە سەرلەنوێ نوێبونەوە و بڵاوبونەوەی داعش


بەپێی وتەكانی ئەو فەرماندە ئەمریكیە، "رێكخراوی تێرۆریستی داعش هێشتا لە ناوچەكانی باكوری سوریا چالاكە، بەڵام هێزەكانی سوریای دێموكرات دەستیانكردوەتەوە بە وەڵامدانەوەی بەزەبر بۆ رێگریكردن لە سەرلەنوێ نوێبونەوە و بڵاوبونەوەی ئەو رێكخراوە لە ناوچەكەدجا، بەو هۆیەوە بە مەبەستی گرەنتیكردنی بەتەواوی كۆتاییهاتنی رێكخراوی چەكداری داعش لە رۆژئاڤا دەمێنینەوە".

ئەو وتانەی وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی لەكاتێكدایە، 21ی ئەم مانگە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند "هێزە سەربازییەكانی روسیا لە رۆژئاڤا سیستمە موشەكییەكانی تایبەت بە بەرگری ئاسمانیان بردوەتە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ لەوپەڕی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، موشەكەكانیش لە جۆری نوێ و پێشكەوتون".

بەگوێرەی روانگەی سوری، ئەو هەنگاوەی روسیا لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەكانی هێزەكانی مۆسكۆ و ركابەرەكانیانە كە هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكان لە ناوچەكانی رۆژئاڤادا، لەكاتێكدا هەردولا هەوڵدەدەن هەژمونی خۆیان لە ناوچەكەدا بسەپێنن بەتایبەتی ناوچەی نێوان حەسەكە-حەلەب، كە ناوچەیەكی ستراتیجیە.

لەماوەی رابردودا، گرژییەكانی نێوان مۆسكۆ-واشنتن بە شێوەیەكی بەرفراوان روی لە زیادبون كرد و لە ناوچەكەشدا بە شێوەیەكی بەردەوام  هێزی سەربازی و تانك و زرێپۆشەكانی هەردولا هاتوچۆی دەكرد، هاوكات لە هەندێك هێزەكانی واشنتن رێگری لە هێزەكانی مۆسكۆ دەكرد.


نیشانەکردن :

#رۆژئاوای کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP