سێ هاوڵاتی فڕەنسی لە عێراق بێسەروشوێنن

- 1/24/2020 10:30:00 PM 2918 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا، چوار كارمەندی رێكخراوێكی فڕەنسی لە بەغدا-ی پایتەخت بێسەروشوێن بون و تا ئێستا زانیاری لەسەر ونبونیان نیە.

ناوەندی مەدەنی كاتولیكی فڕەنسی، كە رێكخراوێكی فڕەنسیە لە عێراق، بێسەروشوێن بونی چوار كارمەندی رێكخراوەكەی راگەیاند، كە سێ لەو كارمەندانە بە رەگەز فڕەنسین و كارمەندی چوارەم عێراقیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی ئەو رێكخراوە فڕەنسییە، هەر چوار كارمەندەكە لە دوشەممەی رابردوەوە لەنزیك باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە بەغدا بێسەروشوێن كراون".
تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە بێسەروشوێن كردنیان رانەگەیاندوە

بێنجامین پلانشارد، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوە فڕەنسییەكە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بێسەروشوێن بونی ئەو چوار كارمەندەی راگەیاند و وتی "تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە بێسەروشوێن كردنیان رانەگەیاندوە و داوای پارەشمان لێنەكراوە بەرامبەر ئازادكردنیان".
بە مەبەستی نوێكردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان و تۆماركردنی ناوەكانیان لای دەسەڵاتدارانی عێراقی چونەتە بەغدا

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو تیمە بێسەروشوێنە بە مەبەستی نوێكردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان و تۆماركردنی ناوەكانیان لای دەسەڵاتدارانی عێراقی چونەتە بەغدا، كە ژمارەیەك كارمەندی خاوەن ئەزمونن و چەندین ساڵە لەگەل رێكخراوەكەدا كاردەكەن".

رێكخراوەی "ئێس ئۆ ئێس كریتیان دۆریان"، لە ساڵی 2014ەوە كاتی دروستبونی رێكخراوی تێرۆریستی داعش و كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لە عێراق دەستی بە كارەكانی كرد بە مەبەستی هاوكاریكردنی دەیان پەنابەری كریستیان و ئێزدی".

رێكخراوەكە  بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە هەرێمی كوردستان زۆر چالاكە و ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی كریستیانی ناوچەكانی خواروی عێراق بە مەبەستی وەرگرتنی هاریكاری لۆجیستی و دەرونی رو لەو رێكخراوە دەكەن.


نیشانەکردن :

#عێراق #فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP