سەرۆك بەرهەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆدەبێتەوە

- 1/24/2020 10:08:00 PM 2258 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ پایتەختی ئیتاڵیا، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا كۆبونەوەی ئەنجامدا.

نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە رایگەیاند "لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ پایتەختی رۆما، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ لویجی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە ئەنجامدرا، بەوجۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵات بکات".
سەرۆک بەرهەم جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەمانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، هاوکات سەبارەت بەشداریکردنی ئیتاڵیای لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی داعش سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد.

لە دیدارەکەدا، لە پێناو بەرجەستەکردنی ئاشتەوایی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا جەختیش لەسەر پشتیوانی سەقامگیری عێراق و کاری هاوبەش کراوەتەوە.

بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێك لەگەڵ پاپا-ی ڤاتیكان و ژمارەیەك بەرپرسی ئیتاڵیا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆامری عێراق ئەمڕۆ هەینی گەیشتە رۆما-ی پایتەختی ئەو وڵاتە، چاوەڕوانیشدەکرێت لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرۆک بەرهەم چاویبکەوێت بە هەریەك لە پاپا-ی ڤاتیکان،   سێرجیۆ ماتاریلا-ی سەرۆکی ئیتاڵیا و جۆزیبی کۆنتی، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP