پنتاگۆن: 34 سەربازمان بەهۆی هێرشە موشەکییەکەی ئێران برینداربون

- 1/24/2020 8:32:00 PM 8346 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد 34 سەربازی ئەمریکی  زەبری توند بەر مێشکیان کەوتوە.

جۆناسۆن هۆفمان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "34 سەربازی ئەمریکی بەهۆی هێرشە موشەکیەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد زەبری توند بەر مێشکیان کەوتوە و چارەسەری بۆ ئەنجامدراوە".

بەرەبەیانی حەوتی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک موشەکی ئاڕاستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و هەریری نزیک شاری هەولێر کرد، کە هێزەکانی ئەمریکای تیایدا نیشتەجێن، ئەوەش لە وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکە.

دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە روداوەکە پناگۆن رایگەیاند، 11 سەربازی ئەمریکی لەو بۆردومانەدا برینداربون

 

دوای هێرشە موشەکییەکەی سوپای پاسداران، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، سەربازانی ئەمریکا هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتوە، دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە روداوەکە پناگۆن رایگەیاند، 11 سەربازی ئەمریکی لەو بۆردومانەدا برینداربون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا و کوەیت کراون.

هێزەکانمان لە عێراق بەرادەیەکی زۆر کەمکردوەتەوە و لە ئێستادا پێنج هەزار سەربازیان لە خاکی عێراقدان

 

22ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک بەرهەم ساڵح رایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق بەرادەیەکی زۆر کەمکردوەتەوە و لە ئێستادا پێنج هەزار سەربازیان لە خاکی عێراقدان.

لەگەڵ عێراق كاری زۆر پێكەوە دەكەین، لەبواری سەربازیدا پێكەوە كاردەكەین، سەبارەت بە داعش پێكەوە كار دەكەین

 

ترەمپ باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ عێراق كاری زۆر پێكەوە دەكەین، لەبواری سەربازیدا پێكەوە كاردەكەین، سەبارەت بە داعش پێكەوە كار دەكەین و بەرەوپێشچونی باش هەیە لە نێوان هەردولا".

هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003دا هاتنەناو حاكی عێراق و رۆڵیان هەبو لە كۆتاییهێنان بە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن

 

هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003دا هاتنەناو حاكی عێراق و رۆڵیان هەبو لە كۆتاییهێنان بە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن، لەوكاتەوە تا ئێستا هێز و پێگەی لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە و هاوشان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دژ بە داعش مەشق بە هێزە سەربازییەكانی ناوخۆ دەكەن.

ساڵی 2011 پاشەكشەكردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆتاییپێهات، بەڵام حكومەتی عێراقی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان رێككەوتنیكی واژۆكرد كە تێیدا پێشوازی لە بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە بنكە سەربازییەكانی خۆیدا، ئەوەش بە مەبەستی پشتیوانیكردنی عێراق.

دواتر و لە كۆتایی ساڵی 2011دا، سەربازانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان دەگەیشتە 170 هەزار سەرباز بە خاكەكانی عێراقدا بڵاوەیان پێكرا، پاش رێككەوتنەكەش ژمارەیەكی دیاریكراو لەو هێزانە مانەوە بۆ پشتیوانیكردنی هێزە عێراقییەكان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP