هەواڵی ئەمڕۆ

ئێران بۆ سعودیە: وڵاتانی ئاسایی بەناوی کونسوڵگەوە کوشتارگە بەڕێوەنابەن

- 1/24/2020 6:14:00 PM 3018 جار خوێندراوەتەوە

خەندان

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی توند دەکاتە سەر سعودیە و دەڵێت"وڵاتانی ئاسای لەژێر پەردەی کونسوڵگەوە کوشتارگە بەڕێوە نابەن".

جەواد زەریف وەک ئاماژەیەک بۆ روداوی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودی ئەو وتانەی ئاراستەی سعودیە کرد ئەوەش لە وەڵامی لێدوانێکی هاوتا سعودیەکەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا.
وڵاتانی ئاسایی هێرش ناکەنە سەر دراوسێکانیان و قەیرانی مرۆیی دروستبکەن وگفتوگۆ رەتبکەنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تویتەر نوسیویەتی" وڵاتانی ئاسایی هێرش ناکەنە سەر دراوسێکانیان و قەیرانی مرۆیی دروستبکەن وگفتوگۆ رەتبکەنەوە".

ئێران بەر لەوەی داوای گفتوگۆ لە ئێمە بکات، پێویستە وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی CNBC وتی" ئێران بەر لەوەی داوای گفتوگۆ لە ئێمە بکات، پێویستە وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات".

زەریف لە بەردەوامی تویتەکەیدا ئامادەیی حکومەتی تارانی بۆ گفتوگۆ نیشانداوە و دەڵێت" لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا ئێمە پێشمەرجمان بۆ گفتوگۆکردن نیە".

رێکەوتی 2ی ئۆکتۆبەری 2018، جەمال خاشقچی رۆژنامونوسی سعودی کە بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست کاری دەکرد، لە کونسوڵگەی سعودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا، زۆربەی ئاماژەکان بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لەو تاوانەدا تێوەدەگلێنن، بەڵام بن سەلمان رەتیدەکاتەوە.

بەگوێرەی گاردیانی بریتانی، ساڵی  2018 مۆبایلەکەی جێف بێزۆس، خاوەنی واشنتن پۆست لەدوای پێگەیشتنی نامەیەک لە ئەکاونتی واتسئاپەکەی بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە هاککراوە، حکومەتی سعودیەش دەڵێت" ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و بێ مانان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP