خەندان ناكۆكییە سەرەكییەكان ئاشكرادەكات
كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی دوادەخرێت

- 1/24/2020 4:49:00 PM 14751 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە بڕیاربو سبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام لەئێستادا كۆبونەوەكە دواخراوە و خەندانیش زانیویەتی کەهۆكاری دواخستنەكە بۆ دو ناكۆكی سەرەكی دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند،"بەهۆی تەواو نەبونی كارەكانی لیژنەی تایبەت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە بڕیاربو لە ماوەی 10 رۆژدا تەواو ببێت، كۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی بۆ 29ی ئەم مانگە دواخراوە".
دو خاڵی سەرەكی هەیە كە ناكۆكیان لەسەرە، ئەوانیش ژمارەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە

 

رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیدا، لیژنەیەكی (20) كەسی بۆ پێداچونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی پێكهێنراو بڕیاردرا لەماوەی 10 رۆژدا لیژنەكە كارەكانی تەواو بكات و راپۆرتی خۆی پێشكەشی سەركردایەتی گشتی بكات و لە كۆبونەوەی سبەی 25ی مانگ دەنگی لەسەر بدرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی خەندان بەدەستیهێناون لەئێستادا دو خاڵی سەرەكی هەیە كە ناكۆكیان لەسەرە، ئەوانیش ژمارەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە.

خاڵی دوهەمی ناكۆكییەكان لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی خۆی لە چاودێریكردنی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ دەبینێتەوە

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە دو بۆچونی جیاواز لەسەر ژمارەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە داوا دەكەن چوار جێگر هەبێت، ئەوی دیكەش داوا دەكەن  پێنج جێگر هەبێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، خاڵی دوهەمی ناكۆكییەكان لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی خۆی لە چاودێریكردنی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ دەبینێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە چاویان لەوەیە كە ئەنجومەنەكە هەمان دەسەڵاتەكانی مەكتەبی سیاسی پێشوی یەكێتی هەبێت، ئەوەش پێچەوانەی خواستی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی ئەو حزبەیە.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP