نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سكرێترى گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان كۆدەبێتەوە

- 1/24/2020 3:32:00 PM 678 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

له‌ دوايين ڕۆژى به‌شداريكردنيدا له‌ كۆڕبه‌نديى ئابوريى جيهان له‌ داڤۆس، سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆتيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان كۆبوەوه‌.

نێچيرڤان بارزانى ستايشى ئه‌رك و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كانى له عێراق كرد و داواىكرد له‌ پرۆسه‌ى سياسى و هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ له‌ يارمه‌تيدانى عێراق به‌رده‌وام بێت، جه‌ختيشى له‌ پێويستيى به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر كرده‌وه، هه‌روه‌ها پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ داواكاريى ڕه‌واى خۆپيشانده‌رانى عێراق له‌ خزمه‌تگوزارى و ژيان و ئاينده‌يه‌كى باشتر، ده‌ربڕى.
په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان گفتوگۆی لەسەركرا

 

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا خۆپيشاندانه‌كان و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌مباره‌يه‌وه‌، كار و چالاكييه‌كانى يوئێن و ده‌زگا و ئاژانسه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئاواره‌كانى عێراق و په‌نابه‌رانى سوريا له‌ هه‌رێمى كوردستان و يارمه‌تيدان و هاوكاريكردنيان، پرۆسه‌ى سياسى و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتوى حكومه‌تى عێراق، تاوتوێكران.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دوايين پێشهاته‌كاته‌كانى ڕوبه‌ڕونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، ‌دۆخى ناوچه‌كانى زيانبه‌ركه‌وتوى شه‌ڕى داعش و چۆنيه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يان و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردولا، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP