بەپەلە

نێچیرڤان بارزانی: دانانی ئاڵای كوردستان لەدانیشتن لەگەڵ ترەمپ بۆ هەمو كوردە نەك تەنها كوردی عێراق

- 1/24/2020 1:47:00 PM 5371 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دانانی ئاڵای كوردستان لەدانیشتن لەگەڵ ترەمپ بۆ هەمو كورد بو نەك تەنها بۆ كوردی عێراق.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە بەشدارییكردنی كرد لە كۆڕبەندی ئابوری داڤۆس و بینینی ترەمپ و سەركردەی وڵاتانی دیكەی بەشدار لە كۆڕبەندەكە.

سەرۆكی هەرێم وتی،"بێگومان ئێمە بە فەرمی لەلایەن کۆڕبەندی ئابوری جیهان لە دڤۆس داوەت کراوین، وەکو هەرێمی کوردستان دەرفەتێکە کە بەشداردەبین لەو شوێنانە، روئیای خۆمان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە عێراقدا هەن بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی گەورەی دیکە کە بەشداردەبن لەو کۆڕبەندەدا باس بکەین، چونکە خۆتان دەزانن پرسی عێراق ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە ئێستا بە شێوەیەکی گشتی هەیە، ئەمڕۆ جێی بایەخی هەمو ئەو وڵاتانەیە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئێمە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە، سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرۆک ترەمپ و کۆمەڵێک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاکان کۆبوینەوە، کە تێیدا باسی دۆخی عێراق و روئیای هەرێمی کوردستانمان لەسەر ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە گەیاندمانە هەمو لایەک. من دەتوانم بڵێم ئاستی دیپلۆماسی و کاری هەرێمی کوردستان باشە، هەرێمی کوردستان وەکو پێگەی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا و بەپێی دەستوری عێراق جێی رێز و بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە."
ترەمپ رێز و پێزانینێکی زۆری هەبو بۆ رۆڵی پێشمەرگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە ناوچەکە، هەم بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی ناوچەکە و هەم رێز و پێزانینی هەبو بۆ هەرێمی کوردستان

 

وتیشی،"ترەمپ رێز و پێزانینێکی زۆری هەبو بۆ رۆڵی پێشمەرگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە ناوچەکە، هەم بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی ناوچەکە و هەم رێز و پێزانینی هەبو بۆ هەرێمی کوردستان کە بوەتە پەناگەیەک بۆ خەڵکی دیکە و شوێنێکی ئارامە، رێز و پێزانینی هەبو بۆ رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە روبەڕونەوەی شەڕی داعشدا."
 
سەبارەت بە دانانی ئاڵای كوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ ترەمپ وتی،"سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتی ئەمریکا پێگەی هەرێمی کوردستان دەزانن، دەزانن هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە لەناو عێراقدا، بە دڵنیاییەوە بۆ هەر کوردێک دانانی ئاڵای کوردستان شتێکە کە جێگەی خۆشحاڵییەوە بۆ هەمو لایەک، لەگەڵ ئەوەش بەپێی دەستوری عێراق ئەمە رێپێدراوە، بەڵام ئەمجارە لە کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئاڵای کوردستان دانرا، من پێموایە جێی خۆشحاڵییە بۆ هەمو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت، پەیامەکەش تەنها بۆ کوردی عێراق نەبوە، بە تێڕوانینی من بۆ هەمو کوردێک بوە کە خۆشحاڵ بن بەوەی ئەمە کراوە. ئەم رێزلێنانە رێزلێنان نییە بۆ کەسێک، بەڵکو رێزلێنانە بۆ خەبات و قوربانیدانی میللەتێک و خوێنی شەهیدانی میللەتێک کە لە مێژودا ماندوبون و خەباتیان کردوە و زەحمەتیان کێشاوە. من پێموایە ئەو ئاڵایە رەنگدانەوەی هەمو ئەو مێژوەی میللەتی ئێمەیە کە ئەمڕۆ دانراوە کە بۆ کەسێک نەبوە، بۆ هەمو میللەتی کوردبوە و منیش پیرۆزبایی لە هەمو گەلی کوردستان دەکەم لە هەر کوردێک لە هەر شوێنێک."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP