دادگای فیدراڵی عێراق: چیتر بڕیاره‌كانمان یاسایی نین

- 1/23/2020 11:43:00 PM 6009 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆی خانه‌نشینكردنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، چیتر "بڕیاره‌كانی دادگاكه‌ یاسایی نین" و ناشتوانێت جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌و دادوه‌ره‌ خانه‌نشینكراوه‌ دیاریبكات.

فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی دادگای فیدراڵیدا، بڕیاریداوه‌ به‌هۆی ته‌واونه‌بونی رێژه‌ی یاسایی دادوه‌رانی دادگای فیدراڵیه‌وه‌، بڕیاره‌كانی دادگاكه‌ یاسایی نین".
دادوه‌ر فاروق سامی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی دادگای فیدراڵی خانه‌نشینكراوه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌مڕۆ دادوه‌ر فاروق سامی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی دادگای فیدراڵی خانه‌نشینكراوه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ رێژه‌ی یاسایی دانیشتنه‌كانی دادگای فیدراڵی تێكچوه‌".

دادگای فیدراڵی عێراق له‌ هه‌شت دادوه‌ر پێكدێت، كاری سه‌ره‌كی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و یاساو سكاڵایانه‌یه‌ كه‌ كێشه‌یان کە خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت.
به‌هۆی تێكچونی رێژه‌ی یاسایی دانیشتنه‌كانه‌وه‌، ئه‌و بڕیاریانه‌ی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ده‌رده‌چن یاسایی نین

 

سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "به‌هۆی تێكچونی رێژه‌ی یاسایی دانیشتنه‌كانه‌وه‌، ئه‌و بڕیاریانه‌ی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ده‌رده‌چن یاسایی نین".

لەبارەی دادانی شوێنگرەوەی ئەو دادوەرە، فایه‌ق زێدان باسی لەوەکردوە، "هیچ بڕگه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوریی نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دابێته‌ دادگای فیدراڵی، تا جێگره‌وه‌ له‌شوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری بكات كه‌ خانه‌نشین ده‌بن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP