هەولێر؛ دەستبەسەر جۆرە هێلکەیەکدا گیرا کە بەرواری 9 مانگی لێدراوە

- 1/23/2020 11:36:00 PM 3730 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامیەتی هەولێر رایگەیاند، سێ هەزار و 500 کیلۆ هێلکەی قاچاخ لەلایەن بازگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەلاحەددین-کۆڕێ دەستی بەسەردا گیراوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، جۆرە هێلکەیەک بە نایاسایی داخڵکراون، بەرواری نۆ مانگی لێدراوە و بەشێک لەو ھێلکەیە ھیچ بەروارێکی لەسەر نیە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ نابێت هێلکە ڕێکەوتی دەرچون و بەسەرچوونی زیاتر لە 30 رۆژی لێبدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لای ئەوان تەندروستی خەڵک لەو بازرگانانە گرنگترن و هەر جۆرە هێلکەیەک بە نایاسایی بهێنرێتە هەولێر، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی هەولێر، بەئامادەبونی نوێنەری قایمقامیەتی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری ھەولێر و بەھاوکاری بەشی پۆلیسی شارەوانی بڕیاردرا ئەو هێلکەیە بگوازرێتەوە بۆ زبلخانەی کانی قڕژاڵە بەشێوەیەکی زانستی و ژینگەیی لەناو بردرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP