ئه‌مریكا: ئۆپه‌راسیۆنەکانمان دژ به‌ داعش له‌ عێراق راگرتوە

- 1/23/2020 11:12:00 PM 3500 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەکدارانی داعش لە عێراق راگرتوە، دەشڵێت، "له‌ ئێستادا گرنگی به‌پاراستنی هێزه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان له‌عێراق ده‌ده‌ین".

جیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن رایگه‌یاند، "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش له‌عێراق راگیراون، له‌ئێستادا گرنگی به‌پاراستنی هێزه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان له‌عێراق ده‌ده‌ین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ست به‌ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌، له‌ئێستاشدا هیچ وڵاتێك پشتیوانی له‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له‌عێراق ناكات".

بەرەبەیانی حەوتی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک موشەکی ئاڕاستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و هەریری نزیک شاری هەولێر کرد، کە هێزەکانی ئەمریکای تیایدا نیشتەجێن، ئەوەش لە وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکە.

پێنجی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی  168 پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی شیعەکان و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆرینەی پەرلەمانتارانی سونە یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد.

بەگوێرەی بڕیارەكە، حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی ساڵی 2016ی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە بە مەبەستی هاوكاری واژۆی كردوە، هەروەها داواش دەکات هەمو ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی وڵاتانی بیانی لەعێراق كۆتایی پێ بهێندرێت و هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی بچنە دەرەوە و ڕێگە نەدرێت ئاسمانی عێراق بەویستی خۆیان بەكاربهێنن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP