بەپەلە

هاوپه‌یمانی فه‌تح: بۆ پاراستنی خۆپیشاندانه‌كه‌ی سبه‌ی، له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌ماهه‌نگیمان كردوه‌

- 1/23/2020 10:08:00 PM 2418 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، هه‌ماهه‌نگیان له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خۆپیشاندانه‌كه‌ی سبه‌ی هه‌ینی و به‌هیچ جۆرێكیش حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ ناكات.

ئه‌حمه‌د كینانی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگه‌یاند، له‌ئێستادا كۆبونه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان بڵاوه‌ی پێبكه‌ن و پارێزگاری ته‌واو له‌خۆپیشانده‌ران بكه‌ن و هه‌مو رێوشوێنێكیشیان گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌لاڕێدا نه‌بردرێت.
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ و پارێزگاریكردنیش له‌ خۆپیشانده‌ران ناكه‌ن

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ و پارێزگاریكردنیش له‌ خۆپیشانده‌ران ناكه‌ن، به‌ڵكو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و پۆلیس و سوپاو هێزه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.

بڕیارە سبەی خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و سەرکردە شیعییەکانی دیکە بانگەوازیان بۆ شەقامی عێراقی کرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکەن.
هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌یه‌ تا به‌شێوازێكی گونجاو ده‌نگی هاوڵاتیانی عێراق له‌ دژی بونی هێزه‌ بیانییه‌كان بگه‌یه‌ندرێت

 

ئه‌حمه‌د كینانی باسی لەوەشکردوە، "هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئاستی باڵا هه‌یه‌ تا به‌شێوازێكی گونجاو ده‌نگی هاوڵاتیانی عێراق له‌ دژی بونی هێزه‌ بیانییه‌كان بگه‌یه‌ندرێت".

پێنجی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی  168 پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی شیعەکان و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆرینەی پەرلەمانتارانی سونە یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP