بەپەلە

" وادیارە باكوری سوریا و هەرێمی كوردستان لێكدی جیاناكاتەوە"
برێت مەكگۆرك: چاوپێكەوتنی ترەمپ لەگەڵ سەرۆك بەرهەم و سەرۆكی هەرێمدا بوێریە

- 1/22/2020 9:53:00 PM 101911 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێردەی پێشوی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش رایگەیاند، بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوێری نواندوە، دەشڵێت "ترەمپ باكوری سوریا و هەرێمی كوردستان لێكدی جیاناكاتەوە".

برێت مەكگۆرك، نێردەی پێشوی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "كۆبونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بوێرییە".

لەو بڵاوكراوەیەیدا مەكگۆرك نوسیویشیەتی "كارێكی كەمتر بوێرانەیە كە دۆناڵد ترەمپ كاتەكەی بەوە بەسەربرد بڵێت (ئێمە نەوتەكەمان برد)"، ئاماژەی بەوەشكردوە "وا دەردەكەوێت ترەمپ باكوری سوریا و هەرێمی كوردستانی عێراق لێكدی جودا ناكاتەوە".

ئەمرۆ چوارشەممە، هەریەك لە سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دو دیداری جیاوازدا چاویانكەوت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

لەمیانی كۆبونەوەی نێوان هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ و سەرۆك بەرهەم، بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێكرا.

هاوكات لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، دۆناڵد ترەمپی سه‌رۆكى ویلایەتە یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا گه‌لى كوردستانى به‌ گه‌لێكى مه‌زن ناوبرد و وتى: ئێمه‌ قه‌رزارتانین، هاوكات لەكاتی پێشوازیكردن لە شاندەكەی هەرێم بە جەنگاوەر ناویهێنان،وتیشی "ئێمە نەوت و سەرچاوەكانیمان لە ناوچەكەدا پاراستوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP