بەشێک لە ژنانی گەرمیان بونەتە خاوەنی پیشەی سەربەخۆ

- 1/22/2020 5:54:00 PM 1124 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - نیگار عومەر 

بەشێک لە ژنانی سنوری ئیدارەی گەرمیان لە ئێستادا بونەتە خاوەن پیشەی خۆیان و دەخوازن لە پاڵ ئەرکەکانی خێزان و  پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا، لەروی سەرچاوەی ئابوریشەوە ببنە کەسێکی سەربەخۆ، یەکێک لە لەو ژنانەش کە خاوەنی خواردنگەیەکە دەڵێت "لەلایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی بەرچاو لە کارەکانمان دەکرێت".

بەناز ئەحمەدی تەمەن  32 ساڵ، دانیشتوی کەلارە و خانمێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ئەوە رێگر نەبوە لەهەوڵ و کۆششەکانی و ئێستا ئەو خاوەنی خواردنگەیەکە و کاری بۆ  خۆی و چوار خانمی دیکەشی رەخساندوە، لەو بارەیەوە بەناز بە خەندان-ی راگەیاند، "بیرۆکەی دروست کردنی خواردنگەیەک لەکەلاردا لەوەوە دروست بو دەبینین زۆرجار پیاوان چێشتخانە و ریستۆرانت و خواردنگەکان بەرێوە دەبەن،  هەستم بەپێداویستەکانی دەوروبەرم دەکرد، کە پێویست دەکات ژنان چۆن زۆر جار کاری خواردن دروستکردن لە ماڵدا کاری خانمان بوە، بۆیە گرنگە ئەو کارە بهێنینە دەرەوە و بیکەین بەسەر چاوەی داهات بۆ خۆمان".



ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش دروست کردنی ئەم خواردنگەیەش گروپی کچانم هەبوە و کاری رازاندنەوە  و کاری دەستیمان کردوە، بۆیە بڕیارم دا کارێک بکەم بۆ خۆم و چەند کچێکی دیکەش، ئەوە بو رێکخراوی (خاچی سوری نێودەوڵەتی) تێچوی کارەکەی لەئەستۆ گرت و ئێمەش دەستمان بەکارەکانمان کرد،  ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە بتوانیت بە توانای خۆت داهاتێک بۆ خۆت دەستەبەر بکەیت".

پەیوەست بەو بابەتەش چرا محمدی تەمەن 28 ساڵ، کە ئەو یەکێکە لەو خانمانەی لە خواردنگەکەی بەنازدا کار دەکات بۆ خەندان رونیکردەوە، " رۆژانە بەیانیان زو دێینە سەر کارەکەمان و پێکەوە خواردنی نێو ئەم خواردنگەیە حازر دەکەین،  وەک دۆڵمە، بریانی، کفتە، شلە و برنج، لەگەڵ کۆمەڵێ خواردنی دیکەش  وەک شیرینی و کولیچە و نان و کولێرە بەقیمە بۆرەک".



ئەوەشی خستەڕو، " کارکردن لە جێگایەکدا کە هەمو ستافەکەی لە ژنان پێکهاتبێت کارەکانت بۆ ئاسان دەکات، ئێمە رۆژانە هەست بە ماندوبون ناکەین چونکە بە ئاسودەیی کارەکانمان وەکو یەک گروپ دەکەین، هەروەها لەلایەن خەڵکی سنورەکەشەوە تائێستا پێشوازییەکی باش لەو هەنگاوەمان کراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP