ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی پیادەکردنی پیشەی ژمێریاریی و وردبینی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد

- 1/22/2020 5:21:00 PM 3502 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، پڕۆژەی پەیڕەوی ( پیادەکردنی پیشەی چاودێری و وردبینی ژمێریاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق )  خرایەڕو کە تایبەتە بە پیشەی ژمێریاریی یاسایی کە کاری وردبینی لە بودجەی کۆمپانیاکان دەکەن بە مەبەستی رێکخستنەوەی باج.
 
پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شێویەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکاندا  وربینی تەواو لە ژمێریارییەکانیاندا بکرێت

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە  وەک بەشێک لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازیکردن لە داهات و بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە دانى باج و رەسمی گومرگی کە بەشێکی داهاتی گشتی پێکدێنن، هەروەها لە پێناو گەیشتنی فەرمانگەکانی باج و گومرگ بە زانیاریی دروست سەبارەت بە داهاتی پڕۆژەکانی باجدەران، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شێویەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکاندا  وربینی تەواو لە ژمێریارییەکانیاندا بکرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پێناو ئاسانکاریکردن لە کاروباری باجدا .

هەروەها پەیمانگای باڵای پێگەیاندنی ژمێریار و وردبینانیش بخرێتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، بۆ پێگەیاندنیان بە شێوازێکی ئەکادیمیانە و بە پێی پێوەرە زانستییەکان، دوای گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد. 

ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، جەختی کردەوە لە سەر بەکارهێنانی موڵک وماڵی دەوڵەت و ئوتۆمبێلەکانی حکومەت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بە جۆرێک کە تەنها لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت، لە کاتی مامەڵە پێکردنیشیان رەچاوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت بکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP