ناوەرۆکی کۆبونەوەی نێوان ترەمپ و سەرۆکی هەرێم

- 1/22/2020 5:10:00 PM 5333 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترمپی سه‌رۆكى ویلایەتە یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا گه‌لى كوردستانى به‌ گه‌لێكى مه‌زن وه‌سف كرد و وتى: ئێمه‌ قه‌رزارتانین، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى ئه‌مه‌ریكاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشاندنى داعش و پاراستنى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كوردستان دوپاتكرده‌وه‌.
دۆخى عێراق به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و په‌ره‌پێدانیان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى هاریكاریى وزه‌دا تاوتوێکران

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێم و ترەمپدا، دۆخى عێراق به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و په‌ره‌پێدانیان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى هاریكاریى وزه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر و چۆنیه‌تیى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى، ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و دۆخى سوریا، تاوتوێ كراون.
سوپاس و پێزانینى بۆ سه‌رۆك ترامپ و ئه‌مه‌ریكا دوپاتكرده‌وه‌ 

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌، سوپاس و پێزانینى بۆ سه‌رۆك ترامپ و ئه‌مه‌ریكا دوپاتكرده‌وه‌ بۆ پشتگیرییان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئه‌ركه‌كانى به‌رده‌وام بێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕینى نه‌وه‌د و یه‌كه‌وه‌ تا ئازادیى عێراق و قۆناغه‌كانى دواى ساڵى 2003 و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقى تازه‌ پێشكه‌ش كرد و خواستى هه‌رێمى بۆ بره‌ودانى زیاتر بە په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌ بواره‌ جیاكاندا نیشاندا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP