کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دواخرا

- 1/22/2020 4:55:00 PM 376 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
هەرچەندە بڕیار بو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پێنج پڕۆژە یاسا بکات و گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی رێژەی یاسایی ئەندامانەوە، کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە داواخرا.

 

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا تەنها 138 پەرلەمانتار ئامادەبون


بە گوێرەی زانیارییەکانی خەندان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا تەنها 138 پەرلەمانتار ئامادەبون و 190 پەرلەمانتاریش لە کۆی فراکسیۆنە جیاوازەکان ئامادەی دانیشتنەکە نەبون، بەوەش دانیشتنەکە گۆڕاوە بۆ راوێژکاری.

بڕیاربو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەک کۆببێتەوە و گفتوگۆ له‌سه‌ر پێنج بابه‌تی سه‌ره‌كی بکات و له‌نێویشیاندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بڕیاری رژێمی پێشو.

 

 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان یەکێک بو لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە

 

به‌گوێره‌ی کارنامەی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پەرلەمانی عێراق، ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ته‌ کرابو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی ده‌سته‌كانی عێراق، له‌ته‌وه‌ری دوه‌میشدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان هەبو، هاوكات له‌ته‌وه‌ری سێیه‌مدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری لەبەرنامەی کاردا دانرابو.

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی کۆبونەوەکە، له‌ته‌وه‌ری چواره‌مدا، دەبوایە "خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ پێشنیازكراوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی قیاده‌ی سه‌وره‌ی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن بکرێت، له‌ته‌وه‌ری پێنجه‌میشدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای سه‌نته‌ری پلاندانی بازاڕ جێگیرکرابو".


نیشانەکردن :

#پەرلەمانی عیراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP