"بۆ زانینی هۆکاری گیان لەدەستدانی مه‌جید هه‌روتی"
یه‌كێـتی و پارتی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن

- 1/22/2020 4:35:00 PM 15944 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یه‌كێتی و پارتی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی مه‌جید هه‌روتی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ناو زیندانی ئاسایشی هه‌ولێر لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن، به‌رپرسێكی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌كانی".

رۆژی 16 ی ئه‌م مانگه‌ له‌ زیندانی ئاسایشی هه‌ولێر مه‌جید هه‌روتی، پێشمه‌رگه‌ له‌ لیوای سێی تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ گیانی له‌ده‌ستدا و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی ئاسایشی هه‌ولێر ناوبراو "خۆی خنكاندوه‌".

 

لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی مه‌جید هه‌روتی پێکهێندراوە

 

لەوبارەیەوە حاجی مه‌سیفی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر، به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی مه‌جید هه‌روتی ده‌ستیپێكردوه‌".

وتیشی:" هیچ ماوه‌یه‌ك بۆ ته‌واوكردنی كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ دیارینه‌كراوه‌".

 

سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌كان خراونه‌ته‌به‌رده‌م ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، راپۆرتی پزیشكی دادی سلێمانی و پزیشكی دادی هه‌ولێر و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌كان خراونه‌ته‌به‌رده‌م ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌، دوای كۆتاییهاتنی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشیان دوا بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ ئاشكراده‌كه‌ن كه‌ خۆی خنكاندوه‌ یاخود خنكێندراوه‌".

دوای گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو ئاسایشی هه‌ولێر، كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌كه‌ داوایانكرد ته‌رمی ناوبراو ره‌وانه‌ی په‌یمانگای پزیشیكی سلێمانی بكرێت، به‌ ئامانجی توێكاری بۆ ته‌رمه‌كه‌ی.

21ی ئەم مانگەش په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی په‌رله‌مان كه‌ له‌ لیژنه‌کانی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ پێكهاتبون، دوێنێ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عوسمان سێده‌ری كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ كردوه‌.

لەسەر ئەو بابەتە عوسمان سێدەری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی  "مەجید هەروتی" کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێکهێنراوە بە خەندان-ی راگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەشی لە ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە، مافی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو پرسە پێکهێناوە، ئەوان سەردانی ئاسایشی گشتی هەولێریان کردوە و بڕیارە سەردانی ماڵی مەجید هەروتی و ئاسایشی شەقڵاوەش بکەن بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر.

 

تائێستا ئێمە نەگەیشتوینەتە هیچ سەرەداوێک 


لەبارەی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لیژنەکە پێیگەشتوە رونیکردوەتەوە، تائێستا ئەوان نەگەشتونەتە هیچ سەرەداوێک کە هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو پێشمەرگەیە رونبکاتەوە و ئەوان لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبن و رای گشتی لە ئەنجامی کۆتایی کارەکانیان ئاگادار دەکەنەوە.

18ی ئەم مانگەش  لاهور شێخ جەنگی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە بڵاویکردەوە، "وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لیژنەیەکی باڵامان پێک ھێناوە و دەرئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP