چەند زانیارییەکی نەبیستراو لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس
بەشداریکردن بەچەند ئاستێکی جیاوازە

- 1/22/2020 4:06:00 PM 5924 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەهمەن ئەحمەد
چوار رۆژی ئەم هەفتەیە هاوینەهەواری ئالپن لەناوچەی داڤۆسی سویسرا  زۆربەی بازرگانە بەناوبانگەکان و سەرۆکی دامەزراوە ئابورییەکان و سیاسەتمەدار و ئەستێرە و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان کۆدەکاتەوە. کۆڕبەندی داڤۆس یەکێکە لەبەناوبانگترین کۆڕبەندەکانی جیهان کە بەمەبەستی " باشترکردنی دۆخی ئابوری جیهان" و بەگەرموگوڕی کۆڕ و کۆبونەوە و لێکنزیککردنەوەی زۆربەی ئەجێندا سیاسی و ئابورییەکانی جیهان ژینگەی ساردو سڕی ناوچەکە گەرمدەکەنەوە. بەشداریکردن لەم کۆنگرەیەدا هەڕەمەکی نیە، جۆری باجەکەت دیاریدەکات کە بۆت هەیە لەگەڵ کێ قسەبکەیت و لەگەڵ کێ کۆببیتەوە. 

زانیاری گشتی دەربارەی کۆڕبەندی داڤۆس

 کۆنگرە یان کۆڕبەندی داڤۆس لەبنەڕەتدا ناوی تەواوی ( کۆڕبەندی ئابوری جیهانی)-یە و بۆ یەکەمین جار لەژێر ناوی "کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا" لە ساڵی 1971 دامەزراوە.

ئەم کۆڕبەندە ساڵی 1987 و بەهۆی کاریگەری بەشداری چەندین رێکخراو و ناوەندی بازرگانی و ئابوری گەورەی جیهان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "کۆڕبەندی ئابوریی جیهان"

کۆڕبەندی داڤۆسی 2020، 50 ساڵ بەسەر بەڕێوەچونی کۆڕبەندی ئابوریی جیهان لە داڤۆس تێدەپەڕێت کە لە رۆژەکانی 21 تا 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

داڤۆس سەرکردەکانی جیهان هەر لەسەرکردە سیاسییەکانەوە تا سەرکردەی رێکخراوە بازرگانی و ئابورییەکان و رێکخراو و ناوەندە خێرخوازییەکان و ئەکادیمستەکان کۆدەکاتەوە.

سێ هەزار کەس لە 118 وڵاتەوە بەشداری تیادا دەکەن کە 677 کەسیان سەرکردە و بەرپرسی باڵای جیهانن.

ئامانجی بەشداریکردن لەکۆنگرەی داڤۆس
بەشداربوانی ئەم کۆنگرەیە بەئامانج و مەبەستی جیاواز بەشداری تێدادەکەن، هەرچەندە لەسەرەتادا ئامانج لەبەشداریکردن تاوتوێکردنی دۆخی ئابوری جیهانی و ئەو روداوانەبو کە کاریگەرییان لەسەر ئابوری جیهانی هەیە، بەڵام لەئێستادا کە ناو لۆگۆ و ئاستەکانی بەشداریکردنیش گۆڕدراون، لەپاڵ ئامانجە سەرەکییەکەدا، بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گەلێک ئامانجی سیاسی و ستراتیژی لەسەر ئاستی تایبەت و رێکخراوەیی و کۆمەڵگا و دەوڵەت و تەنانەت ئامانجی نێودەوڵەتیشی هەیە. 

بەشێک لەبەشداربوانی کۆڕبەندی داڤۆس، بەشداریکردنیان وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ بەستنی چەند دیدارێکی تایبەت، کەتێیدا وەبەرهێنانی سیاسی و ئابوری بۆ دامەزراوەکان یان وڵاتەکانیان دەکەن.

بۆنمونە، ساڵی 1994 شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرائیل لەگەڵ یاسر عەرەفات، سەرۆکی پێشوی فەڵەستین لەم کۆڕبەندەدا کۆبونەوە و گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی.

ساڵی 1988 سەرۆک وەزیرانی یۆنان و تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوریی جیهاندا  کێشەکانی نێوانیان چارەسەرکرد.

کێ دەتوانێت بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس بکات؟
بەشێوەیەکی ئاسایی ساڵانە نزیکەی 3 هەزار کەس لەسەرتاسەری جیهاندا بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکەن کە سێیەکی بەشداربوانی بازرگان و خاوەنی دامەزراوە بازرگانییەکانن. 

بۆئەوەی بەشداری تێدا بکات، پێویستە بەشداربو بانگێشت بکرێت و لەو حاڵەتەشدا بەشداریکردن بەبێ بەرامبەرە.

ئەگەر بەشداربو بەبێ بانگێشتی فەرمی بەشداریبکات یان ئەندامی کۆڕبەندەکەبێت ئەوا تێچوی بەشداریکردنی ساڵانە 480 هەزار یۆرۆیە. 

سەرکردە دیارەکانی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و چەند کەسایەتییەکی جیهانی کاریگەریش وەک تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا بەشداری تێدادەکەن.

زۆربەی داهاتی ئەم کۆڕبەندە لەبەشداریکردنی دامەزراوە بازرگانییەکانەوە کۆدەکرێتەوە کە وەک ئەندام و هاوبەش بەشداری چالاکییەکانی دەکەن. 

ئەندامێتی لەکۆڕبەندەکە دەرفەتێک بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو دامەزراوە بازرگانیەکان دەدات بەشداری (کۆبونەوەی ساڵانە) بکەن، لەبەرامبەر بەشداربونی شیان لەداڤۆسی، بەشێوەیەکی گشتی، بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت جگەلە بڕی ساڵانەی ئەندامێتی. 

دامەزراوە بازرگانییەکانی وەک (کۆکاکۆلا) و (گۆڵدمان) و (ساچز) و ( IBM) لەبەشداربوە بەردەوامەکانی کۆڕبەندی داڤۆسن.

هەروەها ملیاردێرە بەناوبانگەکانی وەک جۆرج سۆرۆس و مارک زکەربێرگی دامەزرێنەری فەیسبوک و هونەرمەند بۆنۆ لە یوتو بەشداردەبن.

ئاستەکانی بەشداریکردن لەداڤۆس
کۆڕبەندی ئابوری جیهانی بەرنامە و ئەجێندا بۆ هەزار کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانی ئامادە دەکات تا داهاتویەکی باشتریان هەبێت. 

وەک ئەندامێتتی لە رێکرخراوی ئابوری داڤۆسە و سپۆنسەری سەرەکی کۆڕبەندەکە، کۆمپانیاکان بەشداری لەکۆڕبەندەکەدا دەکەن و دیدارەکەش ئەجێندای بازرگانی ئە کۆمپانیایانە، بەشێوەی پرۆژە یان هەنگاوی سەرەتایی، بەشێوەی راستەوخۆ یان لەڕێگای ئینتەرنێتەوە دەخاتەڕو بۆ چارەسەرکردنی بابەتە پیشەسازی و هەرێمی و سیستماتیکییەکان.

ئەندامان و هاوبەشەکانی ئەم کۆڕبەندە بەپێی ئاستی ئەجێندای کارەکانیان بەشداری تێدا دەکەن. هەر کۆمپانیایەک بەشداری و ئەجێندایەکی قوڵتری هەبێت، ئاستی بەشداریکردنی زیاتر و کاریگەرتر دەبێت لەدارشتنی ئەجێندای کۆڕبەندەکەدا.

ئاستەکانی بەشداری:
بەشداریی پلان و ئەجێندا، پلان و ئەجێنداکان بەشداربوانی چالاکییە پیشەسازییەکان و هەرێمییەکان پێکەوە گرێدەدەن، لەو رێگەیەشەوە ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن هەماهەنگی بکەن بۆ گۆڕینەوەی بەرنامە و پلانی یەکتری و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی لەبابەتە سیستماتیکییەکاندا.

بەشداریی هەرێمی، ئەم ئاستەی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئاستی هەرێمی دەبێت کە تێیدا تێڕوانینی چڕوپڕ و بەسود لەروانگەی بازاڕ و داڕشتنی سیاسەت و بازرگانی و جوڵەی داینامیکی ئەو هەرێمەوە و پێشکەشدەکرێت.

بەشداریی رێکخراوەیی، کۆڕبەندەکە تۆڕێک لەگروپ و دەستە و رێکخراو چالاکدەکات کە توانای لەگروپی ئەندامانی کۆڕبەندەکە زیاترە، ئەوەش هاوکاردەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هەماهەنگی لەنێوانیاندا. بەشداری رێکخراوەیی بەواتای پێکەوەستن و گرێدانی پەیوەندی سەرکردە گەنجەکان، داهێنەران، شارەزایانی تەکنۆلۆجی و دامەزراوە بەئەزمونەکان دێت لەشێوەی رێکخراوێکی گشتیدا.

بەوجۆرە، بەشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس بەپێی ئەجێندا و پلان و ئەو دامەزراوە و دەوڵەتەی کە بەشداربو نوێنەرایەتی دەکات لەچەند ئاستێکی جیاوازدایە و تەنانەت رەنگی باجی ئاستە جیاوازەکانی بەشداربونیش جیاوازە.

رەنگی باجی ئاستەکانی بەشداربون دیاریدەکات کە تۆ وەک بەشداربویەک دەتوانیت لەگەڵ کێ کۆببیتەوە و گفتوگۆبکەیت. 

زۆربەی میوانە گرنگ و کاریگەرەکان باجی سپییان هەڵگرتوە کە وێنەیەکی هۆڵۆگرامی تێدایە و دەتوانن بچنە هەر شوێنێک کە دەیانەوێت. 

هەڵگرانی باجی هۆتێلیش ئەو کەسانەن کە بۆیان نیە بچنە ناو ناوەندی کۆنفرانسەکەوە. 

بۆنمونە، تەوەرێکی سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس کە تایبەتە بەسوتانی دارستانەکانی ئوستورالیا، بەوجۆرەش نوێنەرایەتی حکومەتی ئوستورالیا لەسەر ئاستی دەوڵەت بانگێشت دەکرێت و ئاستی بەشداریکردنی لەئاستی یەکەم دەبێت کە رۆڵی هەیە لەداڕشتنی ئەجێندای کۆڕبەندەکە.

بەشێکی دیکەش لەسەرکردەکانی جیهان بەشداربوی هیچ کام لەو ئاستە جیاوازانە نین و تەنها سود لە دانیشتن و کۆبونەوەی پەراوێزی کۆڕبەندەکە دەبینن، بەشداریکردنی ساڵانەی سەرۆکی هەرێم نمونەیەکە لەو جۆرە لەبەشداریکردن کە پەیامی سیاسی و ئابوری خۆیان لەڕێگای کۆبونەوە و دیدارە تایبەتەکان بە سەرکردەکانی جیهان دەگەیەنن.


تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەی ئەمساڵ ( 2020) بریتین لە:

1- تێکچونی کەشوهەوای گۆی زەوی و رێگاکانی چارەسەرکردنی

2- سوتانی دارستانەکانی ئوسترالیا

3- مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و رێککەوتننامەی ئەتۆمی 2015

4- خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکرانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران

5- ناکۆکییە ئابورییەکانی ئەمریکا و چین

6- ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا

7- مەترسییە تەندروستییەکان لەسەر جیهان
 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP