بەپەلە

لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە سەرکوتدەکرێن
رۆژنامەنوسە کوردەکانی تورکیا دەستدرێژی سەربازانی تورک بۆسەر ژنێک ئاشکرا دەکەن

- 1/20/2020 10:52:00 PM 5191 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەنوسە کوردەکانی تورکیا روبەڕوی سەرکەوتکردن و بێدەنگکردن دەبنەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی شاری دەرسیمی تورکیا، ئەوەش بەهۆی ئاشکراکردنی دەستدرێژی سەربازانی تورک لەو شارە بۆ سەر ژنێک.

ئایشە گونەی، وتەبێژی پلاتفۆرمی رۆژنامەنوسانی ژنی میزۆپۆتامیا و سەرنوسەری رۆژنامەی ژن لە تورکیا دەلێت" لەچەند رۆژی رابردودا رۆژنامەنوسە ئۆپۆزسیۆن و کوردەکان روبەڕوی هەرەشە و سەرکوتکردن بونەتەو، ئەوەش دوای ئەوەی دەستدرێژیکردنی سەربازانی تورکیایان بۆ سەر ژنێک ئاشکراکردوە".

" دەستدرێژی سیاسەتێکی جێگیرکراوی حکومەتی تورکیایە لە شارە کوردیەکان دژ بە ژنان و رۆژنامەنوسە کوردەکان، بەمەستی بێدەنگکردن و سەرکوتکردنیان"گونەی وا دەلێت.

بەوتەی گونەی، لە چەند رۆژی رابردودا چەندینجار روبەڕوی هەرەشە بونەتەوە و دەشڵێت" ئامانج لەو هەرەشانە پارێزگاریکردنە لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازیەکانی تورکیا تا دەستیان کەشف نەبێت".

وتەبێژی پلاتفۆرمی رۆژنامەنوسانی ژنی میزۆپۆتامیا داوای پشتگیری لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکات لە مافی ژنان و رۆژنامەنوسانی کورد لە شارە کوردیەکان و دەشڵێت رێکخراوە ناحکومی و پارتە سیاسیەکانیان لە ئاماری پێشێلکاریەکانی حکومەتی تورکیا بەرامبەر رۆژنامەنوسانی کورد ئاگادارکردوەتەوە.

ژمارەیەک رۆژنامەنوسی کوردی دەرسیم لەدوای رەخنەگرتن لە لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر سوریا روبەڕوی دادگایی و زیندان بونەوە، ماوەی دو هەفتەشە  گولستان دۆکو، خوێندکاری زانکۆی دەرسیم بێسەروشوێن بوە کە لەسەروبەندی ئاشکراکردنی یاسایەکی مشتومڕاویدا بو، بەپێی یاساکە" هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر کچێک ئەوا دەتوانێت بۆ دەربازبون لە سزای یاسایی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP