بەپەلە

پەرلەمانی عەرەبی داوادەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپێچینەوە لە حوسییەكان بكات

- 1/20/2020 10:40:00 PM 1944 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە هێرشكردنە سەر مزگەوتێكی یەمەن لەلایەن حوسییەكانەوە و كوژرانی دەیان سەرباز بەو هۆیەوە، پەرلەمانی عەرەبی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات لێپێچینەوە لە حوسییەكان بكات.

مەشعەل بن فەهم سلمی، سەرۆكی پەرلەمانی عەرەبی ئەمرۆ دوشەممە بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی حوسییەكانی كرد، كە شەوی شەممەی رابردو كردیانە سەر مزگەوتێكی پارێزگای مەئرب لە یەمەن و بەهۆیەوە زیاتر لە 80 سەرباز كوژژران و دەیانی دیكەش برینداربون.

سەرۆكی پەرلەمانی عەرەبی لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد "ئەو هێرشە بە یەكێك لە تاوانە قێزەونەكانی دژ بە یاسا و پێگە مرۆییەكانە بە رشتنی خوێنی كەسانی بێتاوان و پێشێلكردنی حەرەمی ماڵی یەزدان و ترساندنی نوێژخوێنانی بێزیان هەژماردەكرێت".

هاوكات سلمی داوایەكی ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، سەبارەت بە "گرتنەبەری رێكاری خێرا و پێویست بۆ لێپێچینەوە لە حوسییەكان و ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەی لە یەمەن ئەنجامیانداوە".

شەوی شەممەی رابردو، حوسییەكانی یەمەن لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردە سەر مزگەوتێك لە پارێزگای مەئرب-ی ئەو وڵاتە و بەهۆیەوە زیاتر لە 80 كەس كوژران و دەیانی دیكەش برینداربون.

نیشانەکردن :

#یه‌مه‌ن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP