خەندان دواین زانیاری له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی بڵاودەكاتەوە

- 1/20/2020 10:08:00 PM 1604 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنه‌ی راسپێردراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌كانی به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و حزبه‌ به‌رده‌وامه‌و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، "45%ی كاره‌كان ته‌واو بون".

چه‌تۆ ساڵح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی یه‌كێتی و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆی ئه‌و حزبه‌ به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، تا ئێستا 45%ی كاره‌كانمان له‌ پرۆسه‌و گفتوگۆیه‌كی دیموكراسی و ره‌چاوكردنی تێبینی و بۆچونی میوانان ته‌واوكردوه‌.

وتیشی:" تا 25ی مانگ بۆ لیژنه‌كه‌مان دیاریكراوه‌ كه‌ كاره‌كانی هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ ته‌واو بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵی ته‌واوی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی به‌ر له‌و كاته‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی سه‌رجه‌م ماده‌كان بكه‌ین و په‌یڕه‌وه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ته‌واو بكه‌ین كه‌ ئاراسته‌ی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی-مان كرد، كه‌مترین مناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت".
په‌یره‌وی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ ده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و گۆرانكارییه‌كانی ئێستا بگونجێت

 

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، دوای ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی په‌سه‌ندكرا، ده‌بێته‌ په‌یڕه‌وی فه‌رمی كۆنگره‌ی چواره‌م و  سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی-یش ده‌یكاته‌ بنه‌ماو بنچینه‌ی كاری خۆی  له‌داهاتودا.

چه‌تۆ ساڵح جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "په‌یره‌وی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ ده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و گۆرانكارییه‌كانی ئێستا بگونجێت".

رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامداو له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، ره‌هبه‌ری سه‌ید برایم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا، لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌ 20 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی پێكهێندرا به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی و ماوه‌یه‌كیشیان بۆ دیاریكراوه‌ كه‌ له‌ 10 رۆژ زیاتر نه‌بێت.

رۆژی 21-12-2019 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چواره‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌ سلێمانی ئه‌نجامداو ‏ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و ئه‌نجومه‌نی ‏سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP