چەكدارانی سوریا بە ئامانجێكی تەواو جیاواز لە پارە و جەنگ رو لە لیبیا دەكەن

- 1/20/2020 7:57:00 PM 8864 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە مەبەستی ناردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ لە لیبیا، لە لایەن كەسی یەكەمی كۆماری توركیا پاڵپشتییەكی دارایی و سەربازی بەرفراوان تەرخانكراوە بۆ ئەو چەكدارانەی لە باكوری سوریادان و بە "ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە ئەنقەرە" ناویاندەبرێت، بەڵام راپۆرتەكان دەڵێن ئامانجی چونی ئەو سەربازانە بۆ لیبیا تەواو جیاوازە لە پارە و جەنگ.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و راپۆرتی ئەو رێكخراوە بێلایەنانەی لەبواری مافی مرۆڤدا لە سوریا بێلایەنانە كاردەكەن ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، سەرەڕای رادەستكردنی موچەیەكی بەرز و پاڵپشتی دارایی دیكە لە لایەن رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیاوە بۆ چەكدارە بەكرێگیراوەكانی سوریا تا بچنە بەرەكانی جەنگ لە لیبیا، بەڵام خەون و ئامانجی ئەو چەكدارانە بە تەواوی جیاوازە لە چنگكەوتنی پارە، یاخود چونە بەرەكانی جەنگ و روبەڕوبونەوەی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر.
ئامانجێكی دورتریان لەو سنوەر هەیە كە پڕە لە جەنگ و دەستێوەردانی بیانی

رێكەوتی 20ی كانونی دوەمی 2020، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە "بەشێك لەو چەكدارانەی سوریا كە لەلایەن توركیاوە بەكرێگیراون تا بچنە بەرەكانی جەنگ لە لیبیا، ئامانجێكی دورتریان لەو سنوەر هەیە كە پڕە لە جەنگ و دەستێوەردانی بیانی، ئەوان دەچنە ئەودیوی سنوری دیاریكراو".

بەگوێرەی راپۆرتەكەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەشێك لەو چەكدارانەی لە باكوری سوریاوە لە لایەن ئەنقەرەوە گەیەندراونەتە لیبیا، چەكەكانیان فڕێدەدەن و دەستدەكەن بە كۆ چكردن بۆ دەرەوەی سنورەكانی لیبیا تا بگەنە خاكی ئیتاڵیا.

ئەو راپۆرتە جەختی لەسەر ئەوەشكردوەتەوە، تا ئێستا نزیكەی 17 ئەندام لەو گروپە چەكداریانەی ئەنقەرە رەوانەی لیبیا-ی كردون پێیان خستوەتە نێو خاكی ئیتاڵیاوە، كە بە وتەی كەسوكاری ئەو چەكدارانە، ئەوان هەر لە سەرەتاوە مەبەستیان هەبوە لیبیا بكەنە رێگەیەك بۆ پەڕینەوە بەرەو ئیتاڵیا.
دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنیان بە لیبیا، دەستبەرداری چەكەكانیان بون و بەرەو خاكی ئیتاڵیا بەڕێكەوتون، بەشێكی دیكەشیان رویانكردوەتە وڵاتی جەزائیر

هەر هەمان سەرچاوە، باسی لەوەشكردوە "ژمارەیەك لەو چەكدارانە دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنیان بە لیبیا، دەستبەرداری چەكەكانیان بون و بەرەو خاكی ئیتاڵیا بەڕێكەوتون، بەشێكی دیكەشیان رویانكردوەتە وڵاتی جەزائیر وەك دەروازەیەك بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا".

پێشتر ژمارەیەك راپرۆتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی سوریا بڵاویانكردەوە، پرۆسەی ناونوسكردنی ئەو چەكدارە سوریانەی دەنێردرێنە بەرەكانی جەنگ لە لیبیا بەردەوامی هەیە و ژمارەی ئەو چەكدارانەی گەیشتونەتە لیبیا گەیشتوەتە نزیكەی 2400چەكدار.

لە راپۆرتێكی دیكەی رێكەوتی 17ی كانونی دوەمی 2020ی روانگەی سوریدا باس لەوەشكراوە "لەمیانی لەشكركێشیە بەردەوامەكان بۆ سەر ناوچەكانی باكوری فورات، نزیكەی 1700 چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا گەیەندراوەنەتە ناوەندەكانی مەشقی سەربازی توركیا، بە مەبەستی راهێنان و ئامادەكردنیان بۆ جەنگ لە لیبیا".
ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوەدایە نزیكەی 6000 چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بنێرێتە لیبیا


هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانە، ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوەدایە نزیكەی 6000 چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بنێرێتە لیبیا، كە ئەو چەكدارانە سەر بە هەریەك لە گروپەكانی "لیوا موعتەسەم، فیرقەی سوڵتان موراد، لیوای هەڵۆكانی باكور، حەمزات، فەیلەقی شام و سولەیمان شا و لیوای سەمەرقەند"ن.

لە چوارچێوەی ئاڵۆزی و ململانێكانی نێوخۆی لیبیادا، رێكەوتی 19 ی كانونی دوەم، كۆنفرانسی ئاشتی، تایبەت بە دۆخی لیبیا و ئارامكردنەوە و چارەسەری ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە ئامادەبونی سەرۆكی هەریەك لە وڵاتانی روسیا، توركیا، ئەمریكا فڕەنسا، چین، میسڕ، ئیتاڵیا و ئیمارات دەستیپێكرد.

لەو نێوەندەدا، حكومەتی وڵاتانی روسیا، ئیمارات، مسر بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە هێزەكانی خەلیفە حەفتەر هێزیان لە ناوچەكەدا هەیە، رێكەوتی 27ی مانگی رابردوش حكومەتی هەریەك لە ئەنقەرە و حكومەتی ویفاق لە تەرابلس بە سەرۆكایەتی فایز سەرراج، رێككەوتنێكیان سەبارەت بە سنورە ئاوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەند واژۆكرد و تێیدا ئەو ناوچە ئاوییانەیان بەسەر هەردو وڵاتدا دابەشكردوە، لە ناوەرۆكی رێككەوتنەكەشدا "مافی دەسەڵاتیان لەو ناوچانەدا بەخشیوە بە خۆیان".

نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە بە شێوەیەكی بەردەوام هۆشداریدەدەن لە ئاڵۆزتربونی دۆخی لیبیا و بردنی بەرەو ئاقاری سوریا لە ناوچەكەدا، لەكاتێكدا هاوشێوەی لەشكركێشییەكانی ئەردگان بۆ رۆژئاڤای كوردستان لە ئێستادا پلانەكانی بەردەوامە بۆ ناردنی چەكدار بەرەو لیبیا.

سەرەتاكانی كانونی دوەمی ئەمساڵیش، حكومەتی ویفاقی لیبیا رایگەیاند "لە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی توركیادا، بڕگەیەك تایبەتە بە هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردو وڵات، رێكەوتی 2ی كانونی دوەمی 2020 لەسەر هەمان بنەما حكومەتی توركیا رێگەیدا بە سەرۆك كۆماری وڵاتەكەی سەربازی تورك لە لیبیا بڵاوبكاتەوە، رێكەوتی 5ی هەمان مانگیش ئەو بڕیارە خرایە واری جێبەجێكردن.

ئەو هەنگاوانەی توركیا هەریەك لە وڵاتانی مسڕ و فڕەنسا و بەشێك لە سیاسی و هیزە چەكدارەكانی لیبیای توڕەكرد و رایانگەیاند "دەستێوەردانەكانی توركیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنی نەتەوەیی وڵاتەكان و رێگەنادەن ئەو كارە لەلایەن توركیاوە ئەنجامبدرێت".

سەرەڕای سەرجەم ئەو راپۆرت و راگەیەندراوانەش، 20ی كانونی یەكەمی 2020 رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی  سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی رایگەیاند، تا ئێستا تەنها راوێژکار و راهێنەری سەربازیمان ناردوەتە لیبیا و هێزی سەربازی رەوانە نەكردوە.


نیشانەکردن :

#ليبيا #تورکیا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP