خۆپیشاندەرانی دیوانییە بە "چوار هەنگاو" فشارەکانیان لەسەر لایەنەکان زیاتر دەکەن

- 1/20/2020 10:40:00 AM 703 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
خۆپیشاندەرانی پارێزگای دیوانییە رایانگەیاند، لە ئەمڕۆوە سەرجەم رێگا نێودەوڵەتییەکان، دەروازەکانی هاتوچۆ و دامودەزگاکان "لەکار رادەگیرێن" تاوەکو لایەنەکان وەڵامی داواکارییەکانیان دەدەنەوە.

خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراق دوای ئەوەی هات، دوێنێ یەکشەممە ئەو وادەیە کۆتایی هات کە خۆپیشاندەرانی ناسریە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ کە خواستی شەقامی لەسەر بێت دیارییانکردبو.

 

خۆپیشاندەرانی دیوانییە سەرجەم رێگاکانی هاتوچۆ و مانگرتنی گشتی لە شارەکەدا رادەگەیەنن

 

خۆپیشاندەرانی پارێزگای دیوانیە لە راگەیەنراوێکدا چوار هەنگاویان بۆ دروستکردنی فشار و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خستوەتەڕو، کە ئەوانیش بریتین "لە داخستنی سەرجەم رێگا نێودەوڵەتییەکانی دیوانیە و پارێزگاکانی دیکە، داخستنی هەر پێنج دەروازەکانی هاتن و چون بۆ ناو دیوانیە، داخستنی سەرجەم رێگاکانی دیکەی هاتوچۆی لە شارەکەدا و مانگرتنی گشتی لە شارەکەدا".

 

دەبێت رێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت

 

خۆپیشاندەرانی پارێزگای دیوانیە باسیان لەوەشکردوە، "ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات، دەبێت رێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت و وەڵامی داواکارییەکانی بدرێتەوە، ئەگەر نا ناڕەزاییەکان بە ئاشتی تا بەدیهێنانی ئامانجەکان بەردەوام دەبێت".

هەروەها سەرچاوەیەک لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدادا  بەهۆی روبەروبونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ناڕەزاییەکاندا، خۆپیشاندەرێک کوژراوە و 37 خۆپیشاندەریش برینداربون.

ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەڕی حوڕەی راگەیاندوە، هێزە ئەمنییەکان رێگای محەمەد قاسمیان لە بەغدا کردوەتەوە و دوای ئەوەی شەوی رابردو خۆپیشاندەران رێگاکەیان بە روی هاتوچۆدا داخستوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP