هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

لیبیا؛ گەورەترین كێڵگەی وەبەرهێنانی نەوت داخرا و مەترسی لەسەر بەرهەمەكە هەیە

- 1/19/2020 11:04:00 PM 2478 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە چوارچێوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی لیبیادا، گەورەترین كێڵگەی وەبەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە داخرا، ئەوەش مەترسی بۆ سەر وەبەرهێنانی بەرهەمەكە دروستدەكات.

لە راگەیەندراوێكدا "جوڵانەوەی توڕەیی فەززان" ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، هەریەك لە كێڵگەكانی شەرارە و ئەلفیل-یان داخستوە كە تایبەتن بە وەبەرهێنانی نەوت لەو وڵاتەدا و دەكەونە ناوچەی رۆژئاوا".

ئەو جوڵانەوەیە هۆكاری ئەنجامدانی ئەو كارە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە "دەسەڵاتداران گرنگی بەو ناوچانە نادەن كە دەكەونە رۆژئاوای وڵاتەكە" بۆیە داواكارن بە شێوازێكی دادپەروەرانە سامانی نەوت دابەشبكرێت.

راگەیەندراوەكە لەرێگەی گرتە ڤیدیۆییەكەوە بو، كە بەشیر شێخ، رێكخەری جوڵانەوەكە تێیدا ئاماژەی بەوەكردوە "داخستنی ئەو دو كێڵگە نەوتیە ئەركێكی نیشتیمانیە"، سەركۆنەی فەرامۆشكردنی رۆژئاوای وڵاتەكەی كرد لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

باسی لەوەشكردوە "لە ناوچەكانی رۆژئاوا هیچ خزمەتگوزارییەكی سەرەتایی وەك غاز و كارەبار و نەخۆشخانە بونی نیە لەپاڵ ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی و زۆربونی تاوانەكانی كوشتن و رفاندن"، دەشڵێت "ئەو كێڵگە نەوتیانە ناكرێنەوە تا رادەستی دەستێكی جێمتمانە نەكرێن.

بەوپێیە، لیبیا نزیكەی سێیەكی وەبەرهێنانەكانی نەوت لەدەستدەدات و ئابوری لیبیاش رۆژانە بە نرخی 32.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دادەبەزێت، لەكاتێكدا كێڵگەی نەوتی شەرارە رۆژانە 315 هەزار بەرمیل و كێڵگەی ئەلفیل-یش رۆژانە 73 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP