پسپۆڕێكی یاسایی زانیاری گرنگ لەسەر رەتكردنەوە یان قبوڵكردنی خانەنشینی بڵاودەكاتەوە

- 1/19/2020 10:54:00 PM 18496 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسایی، لەسەر هەڵوێستی جیاوازی پەرلەمانتاران سەبارەت بە رەتكردنەوە و قبوڵكردنی خانەنشینی رایگەیاند،"شتێک نییە بەناوی ڕەتکردنەوەی خانەنشینی یان قبوڵکردنی"

حاكم شێخ لەتیف نوسیویەتی،"لەم وڵاتە ھەمو شتێک تێک چوەو لەجێی خۆیدا نەماوەو موزایەدەی کوتلەو پەرلەمانتاران و کاری نایاسایی حوکمەتیش لە ڕابردو ھەمو شتێکی شێوندوەو سەری لەخەڵک تێک داوە. لەواقیعدا موچەی خانەنشینی پارەی فەرمانبەر خۆیەتی و مانگانە بڕێکی لێ دەبڕدرێ و بۆی کۆدەکرێتەوە تا تەمەنی دەگاتە تەمەنی خانەنشینی لەکۆتایی خزمەتەکەی دەیدرێتەوە."

ئەو پسپۆڕە یاساییە لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی ئەوەشی نوسیوە،"بەگوێرەی ساڵانی خزمەتی و بڕی بڕینی مانگانە لەموچەکەی  بڕی موچەی خانەنشینیەکەی دیاری دەکرێت. واتە تا زۆرت لێبڕابێت بەھۆی زۆری ساڵانی خزمەت و بڕی موچەکەت خانەنشینیەکەت زیاد دەکات، پێچەوانەکەشی ڕاستە، واتە کۆی سەرمایەی سندوقی خانەنشینی (کە پێویستە سندوقێکی سەربەخۆ بێت و حوکمەت نەتوانێ دەستی بۆ ببات) بریتیە لەکۆی پارەی بڕدراو لەموچەی ھەمو فەرمانبەران وئەگەر بەشی نەکرد حوکمەتیش بەبڕێک لە بودجەی گشتی بەشداریدەکات".
ئەوەی لەڕابردودا حوکمەت کردویەتی پارەی بڕدراوی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی شەرعی خۆیان بردویەتی و تەرخانی کردوە بۆ کەسانێک کە ھیچ مافێکیان بەسەر ئەو پارەوە نیە

 

باسی ئەوەشیكردوە،"ئەوەی حکومەت لەچەند ساڵی ڕابردو کردویەتی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەی تایبەتی خانەنشین کردوە بە موچەیەکی بەرز بە خزمەتی چوار ساڵ یان کەمتر جاری واھەبوە بەساڵێک یان دوساڵ خزمەتی ھەبوە، یان خزمەتی ھەر نەبوە، ئەمڕۆ دامەزراوە سبەینێ خانەنشین کراوە بەموچەیەکی بەرز، لە ڕاستیدا ئەوەی لەڕابردودا حوکمەت کردویەتی پارەی بڕدراوی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی شەرعی خۆیان بردویەتی و تەرخانی کردوە بۆ کەسانێک کە ھیچ مافێکیان بەسەر ئەو پارەوە نیە، واتە حوکمەت پارەی بڕدراوی فەرمانبەری  دزیوە و داویەتی بە کەسانێک کە مافیان پێوە نیە واتە پیاوەتی بەسەرئاوی حەمامی خەڵکەوە کردوە"

دەشڵێت،"پێویستە تەنھا ئەوانە خانەنشین بکرێن کە خزمەت و تەمەنی یاساییان ھەیە و بڕەکەش بەگوێرەی بڕینەکە بەگوێرەی ژمارەی ساڵەكانی برین یان خزمەت بۆی دیاری دەکرێ ،  ئەوە نەک ھەر شەرعی، بەڵکو ھەر جائیز نیەو نابێ تەنازولی لێ بکرێ، چونکە ھەقی خۆیەتی، ھەقی هەوڵ و ئیشی چەندساڵەی خۆیەتی و بۆی کۆکراوەتەوە، ھەروەھا مافی وەرەسەکەشیەتی و دەبێتە بەشێک لەمیراتی و میراتگرەکانیش مافی خۆیانە سودی لێ وەربگرن، بەڵام ئەوانەی خزمەتیان نیە یان کەمە و نەگەیشتۆتە ئاستی خانەنشینی ئەوانە پێیان حەرامەو نابی بیاندرێتێ چونکە پارەی بڕاوی خەلکی تریان دەدرێتێ"

بۆ ئەوەی عەدالەت دروست ببێ لە نێوان موچەی باڵاو موچەی نزم دەبێ خودی موچەی باڵا کەمبکرێتەوە نەک موچەی خانەنشینیەکەیان، ئەگەر موچەی باڵا کەمکرایەوە ئەوکات موچەی خانەنشینیشیان کەمدەبێتەوە 

 

راشیگەیاندوە،"بۆ ئەوەی عەدالەت دروست ببێ لە نێوان موچەی باڵاو موچەی نزم دەبێ خودی موچەی باڵا کەمبکرێتەوە نەک موچەی خانەنشینیەکەیان، ئەگەر موچەی باڵا کەمکرایەوە ئەوکات موچەی خانەنشینیشیان کەمدەبێتەوە و تەنھا ئەوەندە وەردەگرن کە شایستەن."


نیشانەکردن :

#پەرلەمانی کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP