پەرلەمانتارێکی فەتح: کردنەوەی بنکەی ئەمریکی لە هەرێم پێچەوانەی لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانییە

- 1/18/2020 11:03:00 PM 13045 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بنکەی سەربازی ئەمریکی پێچەوانەی لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانییە کە رایگەیاندبو "هەرێم لەگەڵ هەمو بڕیارێکدایە کە بەغدا دەیگرێتەبەر".

ئەحمەد کینانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی " بغداد اليوم" راگەیاندوە، "دیداری شاندێکی ئەمریکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کە باس لە دامەزراندنی چوار بنکەی سەربازی ئەمریکی لە کورستان کراوە، پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشویەتی کە لە کۆبونەوەیەدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبو هەرێم لەگەڵ هەمو بڕیارێکدایە کە بەغدا دەیگرێتەبەر".

 

هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرۆسەی سیاسیدا هاوبەشن و هەڵوێستە تاکلایەنەکان بەغدا دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە



ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرۆسەی سیاسیدا هاوبەشن و هەڵوێستە تاکلایەنەکان بەغدا دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە، هەرچەندە تائێستاش لەلایەن کوردستان و ئەمریکییەکانەوە رونکردنەوە لەو بارەیەوە نەدراوە".

 

داوا لە سەرکردەکانی کورد دەکەم پێداچونەوە بەو جۆرە بڕیارانەیاندا بکەن



ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح داواکارییەکیش ئاڕاستەی سەرکردەکانی هەرێم دەکات و رونیدەکاتەوە، "داوا لە سەرکردەکانی کورد دەکەم پێداچونەوە بەو جۆرە بڕیارانەیاندا بکەن کە گرتبەری بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژوەندی عێراقدا نیە".

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چوار بنکەی سەربازی نوێ لە هەرێمی کوردستان بونیاد دەنێت، ئەوەش سەرەرای مشتومڕەکان بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێم.

لە راپۆرتەکەدا هاتوە، شاندێکی دیبلۆماسی و سەربازی ئەمریکا لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و شاندێکی کۆبونەتەوە و هەردولا رێککەوتون لەسەر بونیادنانی چوار سەربازگەی نوێی ئەمریکا لە هەرێم.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP