کارەکانی پێداچونه‌وه‌ به‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی بەردەوامە
ئه‌ندامێکی لیژنه‌کە: بەر لە وادەی دیاریکراو کارەکان کۆتاییان دێت

- 1/18/2020 10:33:00 AM 1772 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی رایگەیاند، کارەکارەکانیان بۆ پێداچونەوە بە پەیڕەو بەردەوامە و له‌كۆی 76 مادده‌، پێداچونه‌وه‌یان به‌ 30 مادده‌ كردوه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا كاره‌كانیان كۆتاییان بێت.

14ی ئەم مانگە ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوەوە و لیژنەیەکی بۆ پێداچونه‌وه‌ بە په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێکهێنا، کە لە 20 ئەندام پێکدێت.

سۆران جه‌مال تاهیر، ئه‌ندامی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌كۆی 76 مادده‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێداچونه‌وه‌مان بە 30 مادده‌ كردوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌سێ رۆژی داهاتودا ئه‌گه‌ر كاره‌كان به‌شێوه‌ی ئێستا بڕۆن كاره‌كان سه‌رجه‌میان كۆتاییان پێ بێت و پێشوه‌خته‌ كاره‌كان ته‌واو بكه‌ین".
پێشتر لیژنه‌یه‌كی باڵای ئاماده‌كار، په‌یڕه‌وی بۆ كۆنگره‌ نوسیوەتەوە، هه‌ندێك خاڵ كۆتاییان پێنه‌هاتوه‌ و ئێمه‌ پێداچونه‌وه‌یان پێدا ده‌كه‌ین

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر لیژنه‌یه‌كی باڵای ئاماده‌كار، په‌یڕه‌وی بۆ كۆنگره‌ نوسیوەتەوە، هه‌ندێك خاڵ كۆتاییان پێنه‌هاتوه‌ و ئێمه‌ پێداچونه‌وه‌یان پێدا ده‌كه‌ین، پێشنیازه‌كان پوخت ده‌كه‌ینه‌وه‌و 85%ی كاره‌كان ته‌واو ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دوابڕیاری له‌سه‌ر ده‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین گۆڕانكاری تێدا بكرێت".

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 21ی كانونی یەكەمی 2019 كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی بە بەشداری زیاتر لە 1100 ئەندامی كۆنگرە گرێدا و تیایدا 121 كەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردران، بەڵام پەیڕەوی ناوخۆ یەکلایی نەکرایەوە.
بنه‌مایه‌كمان بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌مادده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ دیاریكردوه‌ به‌شێكیشیان به‌ده‌نگدان یه‌كلاده‌كه‌ینه‌وه‌

 

سۆران جه‌مال تاهیر ئاماژه‌ی به‌شێوازی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بڕگه‌و مادده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی كردو وتی، "بنه‌مایه‌كمان بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌مادده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ دیاریكردوه‌ به‌شێكیشیان به‌ده‌نگدان یه‌كلاده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌نگدانی گه‌وره‌تری ده‌وێت و په‌یوه‌سته‌ به‌چاره‌نوسی یه‌كێتیه‌وه‌ به‌دو بژارده‌ ده‌ینوسینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌كلابكرێته‌وه‌".
تا ئێستا زۆرترین مادده‌مان یه‌كلاكردوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگای كۆبونه‌وه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و هه‌مو ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت به‌شداری له‌كۆنگره‌كانی ئێمه‌دا بكات

 

ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی تا 24ی ئەم مانگەی خستوەتەبەردەم لیژنەی پێداچونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆ، سۆران جه‌مال تاهیر لەوبارەیەوە دەڵێت، "تا ئێستا زۆرترین مادده‌مان یه‌كلاكردوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگای كۆبونه‌وه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و هه‌مو ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت به‌شداری له‌كۆنگره‌كانی ئێمه‌دا بكات كه‌ وه‌ك لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ دیاریكراوین".

نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP