جەهەپە: ئەردۆگان بوەتە بریکاری رشتنی خوێنی موسوڵمانان

- 1/18/2020 12:10:00 AM 6378 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە تورکیا رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا "ئاگری شەڕ لە ناوخۆی سوریا و لیبیا بە ئەردۆگان خۆش دەکەن"، دەشڵێت "پوتین سیاسەتی تورکیا لە لیبیا دادەڕێژێت".

 

ئێستاش (تورکیای ئەردۆگان) بوەتە بریکاری رشتنی خوێنی موسڵمانان


کەمال کلیچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە تورکیا (جەهەپە) لە وتارێکدا لە ئەنقەرە رونیکردەوە، "خوێنی موسوڵمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕژێت، ئەوانەشی چەک دابین دەکەن ئەمریکا و روسیان، ئێستاش (تورکیای ئەردۆگان) بوەتە بریکاری رشتنی خوێنی موسڵمانان".

 

پوتین سیاسەتی ئێمە لە لیبیا و سوریا دیاریدەکات


کلیچدارئۆغلۆ پرسیار لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئێستا کێ سیاسەتی ئێمە دیاریدەکات؟، وەزارەتی دەرەوە نەخێر، سەرۆکاتی کۆمار؟ نەخێر.. (ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا) پوتین سیاسەتی ئێمە لە لیبیا و سوریا دیاریدەکات".

 

تورکیا لە سوریا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لە لیبیا لەگەڵ حکومەتی تەرابلوس مامەڵە دەکات

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئیستادا تورکیا لە سوریا پاڵپشتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات و تائێستاش ئامادە نیە لەگەڵ دیمەشق پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە، لە لیبیاش هاوکێشەکە بەپێچەوانەوەیەو پاڵپشتی حکومەتی تەرابلوس دەکات کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دانی پێدانراوە و نەیاری هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیایە بە سەرۆکایەتی حەفتەر.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP