كەسایەتییەكی نزیك لە سەدر باس لە "خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە" دەکات

- 1/17/2020 7:15:00 PM 5440 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پەرەی ساڵح محەمەد عێراقی کەسایەتی نزیک لە رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، دەبێت خۆپیشاندانەکانی هەفتەی داهاتو لە روی ژمارەی بەشداربوەکانییەوە "زۆر گەورەتر بێت چونکە داهاتوی نیشتیمان و سەربەخۆیی و ئازادییەکەی دیاری دەکات".

 

سەدر داوای کردوە عێراقییەکان بە شیعە و سونەوە دەبێت رێگە نەدەن وڵاتەکەیان ببێتە دەرچەیەک بۆ پەلاماردانی دراوسێکانیان


ئەو کەسایەتییەی نزیک لە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەروەکو لە سەرەتاوە سەدر داوای کردوە عێراقییەکان بە شیعە و سونەوە دەبێت رێگە نەدەن وڵاتەکەیان ببێتە دەرچەیەک بۆ پەلاماردانی دراوسێ شیعیی و سونییەکانیان بەڵکو دەبێت ببێتە دەروازەی پارێزگاریکردنیان".

ئەوەش هاتوە، "سەدر لە شەڕی داعشیشدا داوای پاراستنی سونە میانڕەوەکانی کردوە، هەروەها لەگەڵ دراوسێکانی عێراقیش داوای میناڕەویان کردوە نەک لایەنگری".

 

خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە لە ژێر ناونیشانی (برایەتی سونە و شیعە.. ئەم نیشتیمانە بۆ فرۆشتن نیە) بەڕێوەدەچێت


پەرەی ساڵح محەمەد عێراقی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەینی داهاتو رونیکردوەتەوە، "خۆپیشاندانە ملیۆنییەکە لە ژێر ناونیشانی (برایەتی سونە و شیعە.. ئەم نیشتیمانە بۆ فرۆشتن نیە) بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندانەکە نابێت حزبی و تائیفی بێت بەڵکو دەبێت عێراقی بێت لە پێناوی سەروەری و سەربەخۆیی وڵات و رێگریکردن لە لایەنگیرکردن".

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممەی رابردو رابەری رەوتی سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ ئیدانەکردنی "بونی ئەمریکا و پێشێلکارییەکانی" کرد، بڕیاریشە رۆژی هەینی داهاتو ئەو خۆپیشاندانە بەڕێوەبچێت.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP