په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: گیانله‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ناو زیندان قابیلی قبوڵ نیه‌

- 1/16/2020 9:20:00 PM 13594 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌زیندانه‌كانی هه‌ولێر دێته‌ ده‌نگ و رایده‌گه‌یه‌نێت، قابیلی قبوڵ نییه‌و داواش له‌به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم ده‌كات، بێنه‌ سه‌ر هێڵ و رونكردنه‌وه‌ بده‌ن.

كاروان گه‌زنه‌یی په‌رله‌مانتاری كوردستان رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌لیوای سێی تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ نازانین له‌كاتی ده‌ستگیركردنیدا فه‌رمانی دادوه‌ر بۆ  ده‌ستگیركردن هه‌بوه‌ یاخود نا، به‌ڵام له‌ژێر هه‌ر پاساوو جۆرێك بێت قابیلی قبوڵكردن نییه‌و گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ی ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌".

باس له‌وه‌ده‌كه‌ن خۆی خنكاندوه‌، ئێمه‌ باش ده‌زانین ئه‌حكامه‌كانی ده‌ستگیركردن و خنكاندن چۆنه‌

 

وتیشی:" باس له‌وه‌ده‌كه‌ن خۆی خنكاندوه‌، ئێمه‌ باش ده‌زانین ئه‌حكامه‌كانی ده‌ستگیركردن و خنكاندن چۆنه‌".

كاتێك پێشمەرگەریەك یان هاوڵاتیه‌ك ده‌ستگیرده‌كرێت بۆی نیه‌ هیچ ئامرازێكی خنكاندن له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌ ژوره‌وه‌

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كاتێك پێشمەرگەریەك یان هاوڵاتیه‌ك ده‌ستگیرده‌كرێت بۆی نیه‌ هیچ ئامرازێكی خنكاندن له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌ ژوره‌وه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ناوخۆو په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كات  بێنه‌ سه‌ر هێڵ و ده‌شڵێت: "ئه‌و روداوه‌، قابیلی قبوڵ نییه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌و دواتر به‌خێزانه‌كه‌ی بوترێت خۆی خنكاندوه‌".

ئه‌مڕۆ هاوڵاتی مه‌جید ئیبراهیم ته‌مه‌ن 38 ساڵ، دوای سێ رۆژ مانه‌وه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌كه‌ی به‌ خنكاوی دۆزرایه‌وه‌ و ئاسایشی هه‌ولێریش رایگه‌یاند كه‌ خۆی خنكاندوه‌، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ڵێن له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

پێشتریش، مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاندبو،"ئاسایشی هه‌ولێر كاتژمێر 11ی شه‌وی دوشه‌ممه‌ چونه‌ته‌ ماڵی مه‌جید ئیبراهیم هه‌روتی و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی بردویانه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌مردویی ته‌رمه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كردوه‌و ده‌ڵێن خۆی خنكاندوه‌".

 


نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP