مستەفا چاورەش سەبارەت بە خنكانی پێشمەرگەكەی یەكێتی بۆ خەندان دەدوێت

- 1/16/2020 8:44:00 PM 62499 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسی هێزەكانی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەی ئەمڕۆ لەناو زیندانی ئاسایشی هەولێر تەرمەكەی دۆزرایەوە پێشمەرگەی ئێمە بوە، دەشڵێت،"چاوەڕێی ئەنجام لێكۆڵینەوەكانین"

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند،"ئاسایشی هه‌ولێر كاتژمێر 11ی شه‌وی دوشه‌ممه‌ چونه‌ته‌ ماڵی مه‌جید ئیبراهیم هه‌روتی و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی بردویانه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌مردویی ته‌رمه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كردوه‌و ده‌ڵێن خۆی خنكاندوه‌".
له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر خۆشی خنكاندبێت نابێت شتێك له‌زیندان بونی هه‌بێت كه‌ زیندانیكراو خۆی پێ بخنكێنێت

 

وتیشی:" ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌كاره‌كه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی ده‌ستپێكردوه‌، به‌ڵام له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر خۆشی خنكاندبێت نابێت شتێك له‌زیندان بونی هه‌بێت كه‌ زیندانیكراو خۆی پێ بخنكێنێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ كوژرابێت یاخود خۆی خنكاندبێت لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن".

له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌جید هه‌روتی پێشمه‌رگه‌یه‌، ده‌بو له‌رێگه‌ی لیواكه‌یه‌وه‌ داوای ده‌ستگیركردنی بكرێت نه‌ك به‌و جۆره‌ی ده‌ستگیركراوه‌

 

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، "له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌جید هه‌روتی پێشمه‌رگه‌یه‌، ده‌بو له‌رێگه‌ی لیواكه‌یه‌وه‌ داوای ده‌ستگیركردنی بكرێت نه‌ك به‌و جۆره‌ی ده‌ستگیركراوه‌".

له‌باره‌ی نیگه‌رانیه‌كانی یه‌كێتیش بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌، مسته‌فا چاوڕه‌ش وتی:"بابه‌ته‌كه‌ یه‌كێتی نیه‌، هه‌ركه‌سێك له‌زیندان بێت و گیان لەدەستبدات هه‌موان نیگه‌ران ده‌بین، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین و دواتر هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
بەپێی زانیارییەكانی خەندان لەئێستادا داوا كراوە تەرمی ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی بگوازرێتەوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی و بەهۆی بونی گومان لە راپۆرتی پزیشكی دادی هەولێر كەسوكاری ئەو پێشمەرگەیە و بەرپرسانی یەكێتی لە هەولێر دەیانەوێت لە سلێمانی توێكاری بۆ تەرمەكەی بكرێت.
ئەمڕۆ هاوڵاتی مەجید ئیبراهیم تەمەن 38 ساڵ، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ تەرمەكەی بە خنكاوی دۆزرایەوە و ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند كە خۆی خنكاندوە، بەڵام كەسوكارەكەی دەڵێن لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی لیوای 3ی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە بوە.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #هەولێر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP