سەرۆكایەتی حكومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر كۆبونەوە

- 1/15/2020 8:14:00 PM 641 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -           

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، پێشوازیان لە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کرد.

لەكۆبونەوەكەدا باردودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە سەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و نەهێشتنی گرژی لە ناوچە کرایەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەیەوێ گرنگی بە هەمو کەرتەکان بدات و ئابوری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات، هەروەها لە رێگەی ئاسانکاری پێویستەوە، پەرە بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی بدات.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ستایشی سەقامگیریی ئاسایش و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی دەبڕی، لەمبارەیەوە گوتی دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP