عەبدولمەهدی: عێراق مافی خۆیەتی رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری ناخۆیی نەدات

- 1/15/2020 8:02:00 PM 272 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان و بە مافی خۆشی دەزانێت پارێگاری لەسەروەرییەکەی بکات و رێگەش بە دەستوەردان لە کاروباری ناخۆیی نەدات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی پێشوازی لە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کردوە و گفتوگۆیان لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا  و ئێران و هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە کردوە".

 

قەتەر ستایشی هەوڵەکانی بەغدای لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی هاوسەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی کردوە

 

ئەوەش هاتوە، "لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی قەتەر پشتیوانی ئەمیری وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراق دوپاتکردوەتەوە، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی بەغدای لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی هاوسەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "عادل عەبدولمەهدی رونیکردەوە عێراق مافی خۆیەتی پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەرییەکەی بکات و رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری ناخۆیی نەدات، هاوکات جەختیش لە بەردەوامی روبەروبونەوەی تیرۆر و پاراستنی بەرژوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە کراوەتەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP