ئەمریکا: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سزاکانی خۆی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە

- 1/15/2020 5:53:00 PM 800 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزا نێودەوڵەتییەکان بەهێمنی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.
هەڵوێستی سێ وڵاتە بەشداربوەکەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئاماژەن بۆئەوەی کە سزا نێودەوڵەتییەکان بەهێمنی بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ستیڤن منوچن وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی سێ وڵاتە بەشداربوەکەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئاماژەن بۆئەوەی کە سزا نێودەوڵەتییەکان بەهێمنی بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.

دوێنێ سێشەممە فرەنسا و بریتانیا و  ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو سێ وڵاتەی ئەورپا کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، ئاماژەیان بەوەرکردوە، ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمان کاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمکاتەوە.
لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا لەپەیوەندیدان تا سزاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا بسەپێنن

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لەپەیوەندیدان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا تا کار بۆ ئەوە بکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزاکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

لەبەیاننامەکەدا ئەوان رێگەنادەن بەوەی ئێران سەرپشکبکرێت لەپابەندبونی بەرێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی.

دەشڵێن، " هیچ رێگەیەکی تریان بۆ نەماوەتەوە جگەلە خستنەروی ئەو پرۆسەیەی کە دواجار لەئەگەری پابەندنەبوندا سەردەکێشێت بۆ سەپاندنی سزا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە." 

رۆژی 6-ی ئەم مانگە ئێران قۆناغێکی دیکەی پابەنەبونی بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، چیتر هیچ سنورێک نەماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەندەی بیانەوێت لەئاست و بڕی یۆرانیۆم دەیپیتێنن.

هەرچەندە لەراگەیەنراوەکەدا ئێران ئاماژەی بەوەکردوە کە هەماهەنگییان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەپارێزن، بەڵام وڵاتانی ئەورپی ئەندام لەرێککەوتنەکە ئەو هەنگاوە بەمەترسی بۆ دەستگەشتنی ئێران بەچەکی ئەتۆمی ئەزانن.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP