ئێران: ئەگەر جێگرەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەش واژۆبکریت، ئەمریکا پابەند نابێت پێیەوە

- 1/15/2020 4:23:00 PM 1351 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 هێشتا لەناو نەچوە، لەبارەی "رێککەوتننامەی ترەمپ"ەوە وتی، دڵنیا نیم هیچ رێککەوتننامەیەک کە سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت بەردەوامبێت.
ئەگەر رێککەوتننامەی ترەمپیش واژۆ بکەین بەهەماشێوە ئەمریکا پابەند نابێت بەو رێککەوتنەوە

محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەنیودەلهی پایتەختی هندستان رایگەیاند، ئەمریکا رێککەوتننامەکەی ئێستای جێبەجێنەکردوە، ئەگەر "رێککەوتننامەی ترەمپ"پیش واژۆ بکەین بەهەماشێوە ئەمریکا پابەند نابێت بەو رێککەوتنەوە.
سەرۆک وەزیرانی بریتانیا داوایکرد، لەجێگەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، رێککەوتننامەی ترەمپ واژۆبکەن، بۆئەوەی ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی نەگات

دوێنێ سێشەممە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا داوایکرد، لەجێگەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، "رێککەوتننامەی ترەمپ" واژۆبکەن، بۆئەوەی ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی نەگات.

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەتویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وتی، پێویستە رێککەوتننامەی ترەمپ جێگەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بگرێتەوە، منیش رەزامەندم".

زەریف وتیشی، ئێران گرنگی بە پەیوەندی دیپلۆماسی دەدات، بەڵام نەک دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا، ئەو رێککەوتننامە ئەتۆمییەی کە لەئێستادا هەیە "باشترین رێککەوتنە" کە ئەنجامدرابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ، فڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکردەوە.

لەبەیاننامەکەدا، ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، رایانگەیاندوە، ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمانکاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمکاتەوە.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP