موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت
پارەی موچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان

- 1/15/2020 2:57:00 PM 164888 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومه‌تی عێراق 522 ملیار دیناری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ره‌وانه‌ی بانكی ناوه‌ندی له‌هه‌ولێر كردو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌و بانكه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌واوی پاره‌كه‌یان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم كردوه‌.
ته‌واوی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستمان

 

عابد مزوری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ناوه‌ندی له‌ هه‌ولێر به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ته‌واوی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستمان، ئێمه‌ش راسته‌وخۆ ئه‌و پاره‌یه‌مان به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی موچه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كردوه‌".

ناردنی پاره‌كه‌ی به‌غدا له‌دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 10ی ساڵی 2019 زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك دواخست.
له‌دوای گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا، شێوازی دابه‌شكردنی موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران خێراتر ده‌كرێت

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تیش به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌دوای گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا، شێوازی دابه‌شكردنی موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران خێراتر ده‌كرێت.
بڕیاریه‌ سبه‌ینێ موچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری دابه‌شبكرێت

 

به‌پێی خشته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌مڕۆ موچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شكرا، بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ موچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری دابه‌شبكرێت، له‌هه‌فته‌ی داهاتوشه‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بدرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP