نێچیرڤان بارزانی: تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییه‌کی راسته‌قینه‌یه‌

- 1/15/2020 11:45:00 AM 951 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سه‌ربازیی بڕیتانیا کۆبونەوە و لەبارەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد و نێچیرڤان بارزانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییه‌کی راسته‌قینه‌یه‌.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ  له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانی به‌ سه‌رۆکایه‌تیی جه‌نه‌ڕال سیر جۆن، لۆریمه‌ر گه‌وره‌ راوێژكاری سه‌ربازیی بڕیتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی بڕیتانیا کۆبونەوە

نێچیرڤان بارزانی دوپاتیکرده‌وه‌ تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات و بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌ویان عێراق و هه‌رێمی کوردستان هێشتا پێویستییان به‌ هاوکاری و پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش هه‌یه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵی ئه‌م دواییه‌ی داعش به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌کانی مادده‌ی 140 و گرنگیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یان و ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی تەوەرێکی دیکە کۆبونەوەکە بوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، هەروەها باس لە  خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ بڕیتانیا، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌ بوە و که‌ تیایدا به‌رده‌وامیی هاوکاریی بڕیتانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دوپاتکرایه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP