ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبونەوە

- 1/15/2020 11:33:00 AM 2034 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبونەوە و بەمەبەستی داواكاری بەرزكردنەوەی ساڵەكانی پێدانی منحەكانیان,

جەلال شەقلاوەیی، جێگری كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی كوردستان لەبەدەم میدیاكاندا بەیاننامەی داواكارییەكانیان خوێندەوە و رایگەیاند، داوا دەكەن كە مینحەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هاوتای مینحەی زیندانیانی سیاسی عیراقی لێبكرێت، چونكە لەوێ ماوەكە 25 ساڵە و لە هەرێم 10 ساڵە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها داوا دەكەن پێدراوەكانی دیكەی زیندانیانی سیاسی بەپێی یاسای هەرێمی كوردستان بە زیندانیان بدرێت.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا  زیندانیانی سیاسی باسیان لەوەکردوە، هەمو ڕێیەك دەگرنەبەر بۆ وەرگرتنی مافەكانیان، پێویستە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن ئەگەر وانەبێت رەنگە زیندانیان هەڵوێستی دیكەیان هەبێت كە ئەوكاتەش ئێمە لێی بەرپرسیار نین.

بەپێی یاسای زیندانییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2011 بۆ ماوەی 10 ساڵ مینحە بە زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دراوە و ئەمساڵ وادە یاساییەكە تەواو دەبێت، بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە زیندانیانی سیاسی چەند جارێكە دێنە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP