حەسەن رۆحانی: کار بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی سولەیمانی دەکەین، گرنگ نیە چەند دەخایەنێت

- 1/15/2020 10:46:00 AM 2641 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-  
        
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەدەنەوە، گرنگ نیە چەند دەخایەنێت.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "رودوای خستنەخوارەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە نابێت هەرگیز دوبارە ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێوستە پێداچونەوە بۆ یاساکانی سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی بکرێت".
ئەوانەی فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستەخوارەوە، هەر ئەوانن ئاسایشی وڵاتیان مسۆگەر کردوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستەخوارەوە، هەر ئەوانن ئاسایشی وڵاتیان مسۆگەر کردوە، بەڵام دەبێت بەرپرسانی روداوەکە دادگای بکرێت".

رۆحانی باسی لەوەشکرد، "ئێران وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە، بە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، گرنگ نییە ئەو کارە چەند کاتی پێویست بێت".
هێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەسەد-ی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مانای ئەوە نییە، تەواو ئیتر وازمان لە تۆڵە هێناوە

 

ئەوەشی خستەڕو، "هێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەسەد-ی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مانای ئەوە نییە، تەواو ئیتر وازمان لە تۆڵە هێناوە، بەڵکو بەردەوام کاردەکەین بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکییەکان".

رۆحانی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە شێواندنی ئاسایشی ناوچەکە و دەستتێوەردەداتە کاروباری لوبنان و عێراق و لیبیا و سوریا و بەتاڵانبردنی نەوتی ئەو وڵاتانە، دوپاتیشیکردەوە، "ئەوکارە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نابێت، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکاش دەگەیەنێت".
ئەو داوایەی جۆنسن سەیرە چونکە هەمیشە ئەمریکا کە لەڕێککەوتننامەکان دەکشێتەوە

 

لەبارەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە، سەرۆک کۆماری ئێران رەخنەی لە داواکارییەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا گرت بە هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و گۆڕینەوەی بە "رێککەوتننامەی ترەمپ" و وتی، "ئەو داوایەی جۆنسن سەیرە چونکە هەمیشە ئەمریکا کە لەڕێککەوتننامەکان دەکشێتەوە".
داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەم دوبارە پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە راگەیەننەوە

 

رۆحانی وتیشی، "داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەم دوبارە پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە راگەیەننەوە، بۆ ئەوەی ئێرانیش لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە پاشگەزبێتەوە".

هاوکات یەکێتی ئەوروپاشی تۆمەتبارکرد کە هەڵوێستێکی دپلۆماسی سەقامگیری نییە بەرامبەر ئێران، داوای لێیان کرد لەو بارەیەوە داوای لێبوردن لە ئێران بکەن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP