وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە بەغدا

- 1/15/2020 10:42:00 AM 1310 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندێکی باڵای قه‌ته‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمان ئال سانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ به‌غاداو له‌لایه‌ن محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشێوازیكرا.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ردانێك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر گه‌یشته‌ به‌غدادو سه‌ره‌ڕای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق كۆببێته‌وه‌.

بەپێی زانیاریەکان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی کۆبونەوەکانی شاندی قەتەر و بەرپرسانی عێراق، گفتوگۆكردن ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژیی و ئاڵۆزیه‌كانی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاو ئێران.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ عێراق، شاندەکەی قه‌ته‌ر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و شاندەی قه‌ته‌ر له‌دوای ئه‌وه‌ دێت، گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌روی سه‌ربازیه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوه‌، به‌رپرسانی قه‌ته‌ریش له‌سه‌ر ئاستی باڵا به‌ ئامانجی نێوه‌ندگیری له‌ نێوان هه‌ردولا سه‌ردانی ئێرانیان كرد و داوایان له‌ هه‌ردولا كرد ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌ر گرژییه‌ك و پێكدادانێكی سه‌ربازی به‌دوربگرن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP