هێرشی موشەكی ئاراستەی بنكەیەكی سەربازی ئەمریكیەكان كرا لە بەغدا

- 1/14/2020 9:43:00 PM 16931 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

میدیای عێراقی رایگەیاند، هێرشی موشەكی ئاڕاستەی بنكەی سەربازیی تاجی كراوە، كە یەكێكە لەو بنكانەی بەغدا پێشوازی لە هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان ئەمریكا دەكات.

ئاژانس و پێگە هەواڵییەكانی عێراق ئەمشەو سێشەممە بڵاویانكردەوە، "بە موشەكی جۆری كاتیۆشا بنكەی سەربازی تاجی بەئامانجگیراوە و هێرشە موشەكییەكەش بە چڕی بۆ سەر ئەو پێگەیە ئەنجامدراوە كە لە پێشوازی بەشێك لە هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادایە".
ژمارەی ئەو موشەكانەی ئاڕاستەكراون پێنج موشەك بوە و زیانی گیانی نەبوە

 
ئاماژە بەوەشكراوە، ژمارەی ئەو موشەكانەی ئاڕاستەكراون پێنج موشەك بوە و سەرەڕای توندیی و بەرفراوانی هێرشەكە، هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە.

لە ماوەی رابردوشدا ژمارەیەك پێگە و ئاژانسی عێراقی رایانگەیاندبو "چەند كاروانێكی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ژمارەیەك فڕۆكەی هەڵگری كەلوپەلی سەربازی لە تاجی بینراون"، ئەوەش پاش گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا-ئێران لە ناوچەكەدا.

تاجی، سەربازگەیەكی گرنگە و دەكەوێتە باكوری بەغدای پایتەخت، بە مەبەستی مەشقكردن سەربازانی ئەمریكی لێیە و لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019دا دو گوللـە هاوەنی ئاڕاستەكرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP