وەزارەتی بازرگانی : ساڵی رابردو 98 کارگە لە هەرێمى کوردستان دروستکراون

- 1/14/2020 9:15:00 PM 1771 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزیری بازرگانى و پیشەسازى هەرێم رایگەیاند، ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان 98 کارگە دروستکراوە و بەو هۆیەش توانیویانە هەلی کار بۆ دو هەزار و 500 کەس دابین بکەن.

 

بەهاکەیان گەیشتوەتە (142) ملیۆن دۆلار 


کەمال موسلیم وەزیری بازرگانى و پیشەسازى هەرێم  لە کاتی بەشداریکردنی لە كۆنفرانسی "پەرەپێدانى پیشەسازى لە هەرێمى کوردستاندا" ئاماژەی بەوەداوە، "ساڵى رابردودا (98) کارگە لە هەرێمى کوردستان دروستکراوە کە بەهاکەیان گەیشتوەتە (142) ملیۆن دۆلار و لەو رێگەیەوە هەلى کار بۆ زیاتر بۆ دو هەزار و 500 کەس دابینکراوە، ئەوەش بوەتە هۆى بەرزبونەوەى بەرهەمى خۆماڵى لە کوردستاندا".

 



ئەوەشی خستوەتەڕو، "رۆڵى کەرتی پیشەسازی لە دابینکردنى بەرهەمى خۆماڵى بە کوالێتى بەرز وایکردوە هاوڵاتیانى هەرێم بۆ بەدەستهێنانى پێویستییەکانیان پشت نەبەستن بە بەرهەمى دەرەوە و توانراوە بەرهەم بگەیەندرێتە ئاستى خۆبژێوى و تەنانەت بەشێکی هەناردەى دەرەوەش بکرێت".

لە بارەی رۆڵی زانکۆکان و کەرتی پیشەسازی کەمال موسلیم رونیکردوەتەوە، " زانکۆکان لە هەمو وڵاتێکدا زۆر گرنگن بۆ بەرەوپێشبردنى وڵات لەرێگەى ئەنجامدانى توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و پێدانى زانیارى، بۆ ئەم مەبەستەش چەند مامۆستایەكی زانکۆمان بانگهێشت كرد بۆ بەشداربون لەو دیدارەدا تا بتوانن بەپێى ئەزمونى خۆیان لە بوارەکەیاندا هاوکاربن لە پەرەپێدانى کەرتەکانى دیکەدا لە هەرێمى کوردستان".

بە گوێرەی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، ئەگەر کەرتى پیشەسازى لە هەرێم پێشکەوتو بێت، دەتوانێت بە شێوەیەک هاوکارى خەڵک بکات کە بارگرانیی لەسەر شانى حکومەت و كەرتى گشتی بە رێژەیەکى بەرچاو کەمبكاتەوە.

 


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP